ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جه‌بار یاوه‌ر له دیدارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس له دوایین گۆڕانكاری سه‌ربازیی له ناوچه‌كه و هاوپه‌یمانێتی نێوان وڵاتانی رووسیا، عێراق، ئێران و سووریا ده‌كات.
له سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان باسی له ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كرد كه رۆژی چوار شه‌ممه له سنووری پارێزگەی كه‌ركووك توانیان پێشڕه‌وی بكه‌ن. له به‌رامبه‌ریشدا هۆكاری ئه‌نجام نه‌دانی ئۆپه‌راسیۆن له پارێزگەی نه‌ینه‌وا ده‌خاته‌ڕوو.
جه‌بار یاوه‌ر به ئاژانسی ئانادۆڵوی راگه‌یاند: "ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن له سنووری پارێزگەی نه‌ینه‌وا پێویستی به پلانێكی هاوبه‌ش هه‌یه له نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانان. بۆیه له ئێستادا سوپای عێراق سه‌رقاڵی ئازادكردنی ناوچه‌كانی رومادی و هه‌ندێ ناوچه‌ی سه‌لاحه‌دین و بێجی و فه‌لوجه‌یه. هێزی پێشمه‌رگه‌ش كه ئۆپه‌راسیۆنی له سنووری رۆژئاوا و باشووری كه‌ركووك ئه‌نجام دا هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و ناوچانه گرنگی خۆی هه‌یه به‌تایبه‌تی له سه‌ر ئاسایشی كه‌ركووك و رێگەی نێوان كه‌ركووك به‌غدا و ئه‌و نه‌وته‌ی كه له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه".
یاوه‌ر هەروەها گوتیشی: "هەتا ئێستا سێ ئۆپه‌راسیۆنی گه‌وره له سنووری پارێزگەی كه‌ركووك ئه‌نجام دراوه، دوو ئۆپه‌راسیۆنی پێشتر توانرا نزیكه‌ی 300 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه ئازاد بكرێت. هه‌وڵدرا گورزێكی باش له توانای تیرۆریستانی داعش بدرێت، به‌تایبه‌تی ناوچه‌ی دووزخورماتوو و رێگەی نێوان كه‌ركووك و به‌غدا هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی سێیه‌میش كه رۆژی چوارشه‌ممه ئه‌نجام درا و چه‌ندین گوند له ناوچه‌كه و رێگەیه‌كی زۆریش كۆنترۆڵ بكرێت، توانرا مه‌ترسییه‌كانی داعش دوور بخرێته‌وه".
ئه‌منیداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له درێژه‌ی دیداره‌كه‌ی كه له شاری هه‌ولێر قسه‌ی بۆ په‌یامنێری ئانادۆڵو كرد باسی له پرسی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری مووسڵ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری كرد كه به‌لای كورده‌وه گرنگی خۆی هه‌یه به‌تایبه‌ت قه‌زای شنگال.
جه‌بار یاوه‌ر گوتی: "مووسڵ وه‌ك دڵی داعش وایه دهرپهڕاندانی داعش له مووسڵ وه‌ك ده‌رپه‌ڕاندنی داعش وایه له عێراق و به‌شێكی زۆر له‌ناوچه‌كه چونكه ئێستاش توانایه‌كی زۆری تیرۆریستانی داعش له نێو مووسڵه. ئه‌و شاره‌ش له رووی سنووری و جوگرافیاوه ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆزه هه‌روه‌ها له رووی دانیشتوانیشه‌وه پێكهاته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ی و ئایینی هه‌یه و ژماره‌ی دانیشتوانیشی دووه‌م شاری عێراقە. بۆیه ده‌بێ پلانی ئازادكردنی مووسڵ ته‌نیا پلانی سه‌ربازی نه‌بێت به‌ڵكو پلانێكی باش هه‌بێت بۆ پاراستنی و ئیداره‌دانی شاره‌كه له رووی مه‌ده‌نییه‌وه".
ناوبراو لە درێژەدا زیاتر گوتیشی: "پلانی كۆنترۆڵكردنی و ئیداره‌دانی مووسڵی دوای داعش‌یش پێویستی به‌وه‌یه له نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانان پلانێكی هاوبه‌ش هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی زیانی زۆر له‌و شاره نه‌درێت و له ئاینده‌شدا ئیداره‌ی بكرێت".
وه‌ك ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاشكرای كرد: "حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یه بۆ هاوكاری و به‌شداری له‌و پلانه بۆ مووسڵ به‌ڵام هێشتا حكوومه‌تی عێراق ئاماده نییه هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه له شاره‌كانی تری خواروو به‌تایبه‌تی رومادی و ناوچه‌كانی تر سه‌رقاڵه".
سه‌باره‌ت به رۆڵی هاوپه‌یمانان و هاوكاریان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له شه‌ڕی داعشدا جه‌بار یاوه‌ر بۆ ئانادۆڵو گوتی: "هاوكاری هاوپه‌یمانان رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو كه ئێمه توانیمان داعش له ناوچه‌كه ده‌ر بكه‌ین، هه‌روه‌ها پارێزگاری له ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین".
وه‌ك ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاماژه‌ی بۆ كرد هاوپه‌یمانان، له چه‌ند روویه‌كه‌وه هاوكاری هه‌رێمی كوردستانیان كردووه، به‌تایبه‌تی له رووی ئاسمانی و بۆردومانكردنی شوێنی مانه‌وه و بارهگەی چه‌كدارانی داعش.
ئەو هه‌روه‌ها گوتیشی: "رۆڵی هاوپه‌یمانان له‌وه‌شدا گرنگ بووه كه به‌رپه‌چی هێرشه‌كانی تیرۆریستانی داعشیان داوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هاوپه‌یمانان زانیاریمان ده‌ده‌نێ له‌سه‌ر جموجوڵی چه‌كدارانی داعش".
به‌شێكی تری ئه‌و هاوكاریانه‌ی هاوپه‌یمانان بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه بووه، راهێنانیان به هیزه‌كانی پێشمه‌رگه كردووه، له‌گه‌ڵ پێدانی چه‌كی نوێ.
ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئه‌وه‌ی نه‌شارده‌وه كه ئه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی هاوپه‌یمانان، به‌رده‌وام وتوویانه له ئاستی پێویستدا نین چونكه داعش توانایه‌كی زۆری هه‌یه چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی زۆری سه‌ربازانی سوپای عێراقی كه هی پێنج فرقه بووه، له‌به‌رده‌ستیان دایه جگه له چه‌كی پۆلیس و ئه‌و عه‌مبارانه‌ی چه‌ك له مووسڵ و كه‌ركووك و حه‌ویجه و سووریاش ده‌ستیان كه‌وتووه، تا ئێستاش له نێوان وڵاتان بازرگانی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی هه‌یه و داعش‌یش ده‌ستی ده‌كه‌وێت.
جه‌بار یاوه‌ر گوتیشی: "داوامان ئه‌وه‌یه چه‌كی زیاتر جۆری باشتر بدرێته پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی پاراستنی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین داعش له هه‌موو ناوچه‌كانی تر ده‌رپه‌ڕێنین".
پرسێكی تر کە ئێستا بووه‌ته جێی باس و گفتوگۆ راگه‌یاندنی هاوپه‌یمانی نێوان رووسیا، عێراق، سووریا و ئێرانه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش. پرسیاریش ده‌كرێت ئایا هه‌رێمی كوردستان له كوێی ئه‌م هاوپه‌یمانێتییە دایه.
له‌م باره‌وه، ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، جه‌بار یاوه‌ر بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه شتێكی نوێ نییه به‌ڵام له ئێستادا زیاتر بڵاو كراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینە رووسیا و ئێران له مێژه هاوپه‌یمانن بۆ داكۆكیكردن له حكوومه‌تی سووریا هەم به راوێژكاری و هەمیش عێراق هەتا ئێستا هیچ دژایه‌تییه‌كی حكوومه‌تی سووریای نەکردووە".
جه‌بار یاوه‌ر دەڵێت: "ئه‌وه‌ی ئێمه زانیومانه بنكه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه له به‌غدایه بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاش له شه‌ڕ دژی داعش په‌رله‌مانی رووسیاش به‌فەرمی مۆڵه‌تی كرده‌ی سه‌ربازی دا به حكوومه‌ته‌كه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی رووسیا و حكوومه‌تی سووریاش به فەرمی داوای له رووسیا كردووه له دژی داعش هاوكاری بكات".
ئه‌منیداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه باسی له‌وه‌ش كرد كه هه‌رێمی كوردستان، به‌شێك نییه له‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه و گوتی: "پێشوازی له هه‌موو وڵات و ده‌وڵه‌تێك ده‌كه‌ین كه له دژی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ن. ئه‌وه قازانجی ئێمه‌شه بۆ ئه‌وه‌ی داعش نه‌مێنێت به‌ڵام وه‌كو هه‌رێمی كوردستان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان به‌و هاوپه‌یمانێتییه‌وه نییه كه له نێوان رووسیا، سووریا، ئێران و عێراق به سه‌رۆكایه‌تی رووسیا پێك هێنراوه".
یاوه‌ر جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه كه "هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ندامی ئه‌و هاوپهیمانێتییەیە کە 61 وڵاته و لایه‌نێكی سه‌ره‌كیشی ئه‌و به‌ره‌یه‌ن و ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شمان هه‌یه له ئێستاشدا نوێنه‌ری 12 وڵاتی سه‌ره‌كی له‌و 61 وڵاته له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و دوو هه‌فته جارێكیش له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كۆده‌بنه‌وه".
هه‌روه‌ها جه‌بار یاوه‌ر ره‌تی كرده‌وه كه حكوومه‌تی رووسیا هاوكاری و هاوپه‌یمانێتی سه‌ربازیی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، له شه‌ڕی داعش و لە درێژەدا گوتی: "رووسیا هیچ جۆره هاوكارییه‌كی سه‌ربازی بۆ ئێمه نه‌ناردوه به‌ڵام له‌كاتی لێقه‌ومانی برایانی ئێزدیمان، له‌وكاته‌دا رووسیا له‌ڕێی فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر هه‌ندێ هاوكاری مرۆیی گه‌یانده هه‌رێمی كوردستان بۆ لێقه‌وماوانی ئێزدی".
ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان لە کۆتاییدا دەربارەی هاوپەیمانێتی سەربازیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکە پێی وایه حكوومه‌تی عێراق به‌پێی ده‌ستوور ده‌توانێ رێكه‌وتنی سه‌ربازیی و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ وڵاتان و ده‌وڵه‌تاندا بكات.
news_share_descriptionsubscription_contact

