Heman Hussein Yaseen
01 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان لە رێگای ژمارەیەک چالاکی، ھەڵمەتێکی یەک هەفتەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستپێکرد.
لەمیانی بەڕێوەچوونی هەڵەمەتەکەدا، پارێزگاری هەولێر، فەرسەت سۆفی بۆ رۆژنامەوانان گوتی: "ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کە دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات، تەواوکەری سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە کە کابینەی نۆیەم رابەرایەتی دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەھێشتنی ئەو دەستەی کە لە دامەزراوەکانی حکوومەت کاریان لەسەر گەندەڵی دەڕوات".
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "پرۆسەی چاکسازی بەرێوەچووە و کارەکانیش بەردەوامن و لە ئەنجامی ھەوڵەکانیشدا لەماوەی داھاتووشدا، دەرئەنجامەکانی بەدەردەکەون".
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١/١٢/٢٠١٩، دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی یەک هەفتەیی راگەیاند و بەپێی پڕۆگرامی هەڵمەتەکە، چەندین چالاکی وەک شانۆگەری، کردنەوەی پێشانگای فۆتۆگرافی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێن.
ئەمڕۆ لە هەولێر ژمارەیەک شانۆگەری بەڕێوەچوو و دواتریش پێشانگایەکی فۆتۆگرافی لە پاڕکی شار کرایەوە کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە بەرزکردنەوە دروشمەکانی دژبە گەندەڵی بەشدارییان تیایدا کرد.