Hemin Hüseyin
30 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2017
هەولێر-AA
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە هیچ ولاتێک دژ بە بنەماکانی مافی چارەی خۆنووسین نین و ئەو تێبینیانەی کە هەیە لەسەر کاتی ئەنجامدانی پڕۆسەکەیە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەوانانی دایەوە و گوتی: "ئێمە لەگەڵ دیپلۆماتکاران باسی ریفراندۆممان کردووە و میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان دان بەو مافەدا دەنێت و هەڵوێستی نێودەوڵەتی ئاشکرایە کە هیچیان دژ بە پڕەنسیپی مافی چارەی خۆنووسین نین و ئەو تێبینیانەی کە هەیە لەسەر دیاریکردنی کاتەکەیە".
فەلاح مستەفا ئاشکرایشی دەکات کە چەند شاندێک دروست دەکرێت بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتان بکرێت و سەرەتاش سەردانی بەغدا و پاشان سەردانی وڵاتانی دەورووبەر دەکرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەو بەرنامەیەی کە ئێمە ئاگادارین، بەڵێ بەرنامە هەیە بۆ بەغدا و وڵاتانی دەورووبەر و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمدا ئەو پرسە تاوتوێ دەکرێت".
لەماوەی رابردوودا دەسەڵاتدارانی بەغدا چەند جارێک ئەو پرسەیان بە شێوەیەکی توند باس کرد و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەش پێی وایە کە ئەنجامدانی ریفراندۆم وەڵامێکە و هەموو گومانەکان دەڕەوێنێتەوە و سەبارەت بەم بابەتەش گوتی: "گشتپرسی وەڵامێکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە گومانییان خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەم پرسە بەر لە هەموو شتێک لەگەڵ عەبادی و بەرپرسانی بەغدا باسکراوە و ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت و ئێمەش مەبەستمانە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئێمە تێبگەن و پشتیوانی ئەم پڕۆسەیە بکەن و هاوکارمان بن لە رووی ناردنی چاودێر و ئەوانەی سەرپەرشتی پڕۆسەکە دەکەن و ئێمە خوازیاری ئەوەین کە هەموو شتێک بە دیالۆگ چارەسەر ببێت".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەش بەوە دەکات کە هەر شاندێکی بیانی کاتێک سەردانی هەرێم و بەغدا دەکەن، ئەوا هەست دەکەن کە هەرێمی کوردستان جیاوازە و گوتی: "هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی شەرعی و دانپێدانراوە و هەموو شاندە بیانییەکان کە سەردانی بەغدا و هەرێم دەکەن ئەوا هەست دەکەن کە هەرێمی کوردستان جیاوازە، کەواتا ئیستا تەنها وڵاتان دەڵێن کاتەکە گونجاو نییە و شەڕی داعش بە ئەولەویەت دەزانن".