Sarmand Hameed
28 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، لۆرێنزۆ گوێرینی گەیشتە هەولێر و لەلایەن وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، شۆرش ئیسماعیل پێشوازیی لێکرا.
لۆرێنزۆ گوێرینی بە فڕۆکەیەکی سەربازیی گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، شۆرش ئیسماعیل و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فەوزی هەریری و سوپاسالاری پێشمەرگە، جەمال ئیمینکی پێشوازی لێکرا.
لۆرێنزۆ گوێرینی ئەمشەو لە هەولێر دەمێنێتەوە، و سبەی سێشەممە لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە.
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە میانی سەردانەکەی بۆ هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان باسی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئابووری ناوچەکە دەکات.
لۆرێنزۆ گوێرینی ئەمڕۆ بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لە میانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق لەسەروویانەوە سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کۆبووەوە.
ئیتاڵیا یەکێکە لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، جگە لە سەربازەکانی کە لە عێراقدا بوون ژمارەیەکی زۆر راهێنەری سەربازیشیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق مەشقیان بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کردووە، پێشتریش لە دیدارەکەی رۆما بەردەوامبوونی مەشق و راهێنانی ئیتاڵیا بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دووپاتکرابوویەوە.