تاران
شەوی رابردوو بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە رەسمیەکانی وەزیری دەرەوەی روسیا سێرجی لاڤرۆڤ گەیشتە تاران، ئەمرۆش لەگەڵ ھاوتاکەی محەمەد جەواد زەریف کۆبوویەوە.
دوای کۆبوونەوە داخراوەکەیان وەزیرانی ئێران و روسیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ساز کرد.
لەکۆنگرەکەدا ھەردوولا ئاماژەیان بەپەیوەندیە ئابوری و سیاسی و ناوچەییەکانی نێوانیان کرد، بەتایبەتی باسیان لە چارەسەری قەیرانی سوریا و ئەفغانستان و عێراق و ناوچەکان و بەرنامەی ئەتۆمی ودەریاچەی خەزەر کرد.
لە کۆنگرەکەدا زەریفی باسی لە پەیوەندی و بەرژەوەندیەکانی نیوان هەردوو وڵات کرد و گوتی: "پەیوەندیی نێوان ئێران و روسیا لەسەر بنەمای ئاسایشی نێودەوڵەتی و سەقامگیری و بەرژەوەندیەکان دامەزراوە، روسیا رۆڵێکی گرنگی لە کۆبوونەوەکانی گروپی ٥+١ ھەبوو، روسیا ئەندامێکی گرنگی ئەو کۆمەڵەیە ھەروەھا دۆستی ئێرانە. بەناوی خۆم و وڵاتەکەمەوە سوپای رۆڵی لاڤرۆڤ دەکەم کە لە دیدارەکاندا کاریگەری ئەرێنی لەسەر مەسەلەی دەستێوەرنەدانی سەربازی بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سوریا ھەبوو، کاری ھاوبەشی نێوان ئێران و روسیا بۆ ئەو مەبەستە ئاشکرایە، ئەوەش یاریدەدەر دەبێت بۆ بەرپاکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەمان.
زەریفی لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بنیاتنانەوەی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر گوتی: "ھەوڵەکانمان لەنزیکبوونەوەدایە لەگەڵ روسیا بۆ رێکەوتن لەسەر دروستکردنی وێستگەی وزەی ئەتۆمی، کارەکان بەباشی بەرێوە دەچن، لە ھەندێ مەسەلەدا لەئیمزاکردنی گرێبەستەکان نزیک بووینەتەوە، لەو رووەوە پەیوەندیەکی باشمان لەگەڵ روسیا ھەیە، بۆیە لەم نێوەندەشدا روسیا لە پێشەنگی ھەڵبژاردنەکانماندایە، دەتوانین بەبەرزکردنەوەی کاری ھاوبەشی ئێستامان سەرچاوەی وزەی جۆراوجۆری زیاتر بەدەست بھێنین."
لاڤرۆڤ لەکۆنگرەکەدا ئاماژەی بەکۆبوونەوەی مۆسکۆ و تاران کرد و گوتی: "ئەم کۆبوونەوەیە درێژەی کۆبوونەوەکانی قرغیزستانە کە لە پایتەخی ئەو وڵاتە سازکرا.
لە گوتەکانیدا لاڤرۆڤ رایگەیاند: " توانیمانە لە دیدارەکەمان لەھەموو رووێکەوە رێک بکەوین بۆ بەرزکردنەوەی کاری ھاوبەشی نێوان وڵاتەکەمان."
لاڤرۆڤ گوتیشی: "چوارچێوەیەکی بایەخدارمان لەپێشەوەیە بۆ بەرزکردنەوەی پەیوەندییە ئابووریەکانمان، دوای دانیشتن و کۆبوونەوەی ١١ ئەنجومەنەکەمان بۆ کاری ھاوبەشی ئابوری گەشتوینەتە ئەنجام بەمەبەستی دەست بەکاربوونی کارەکان لە ماوەیەکی نزیکدا."
لاڤرۆڤ لەبەشَکی قسەکانیدا گوتی: "لەکۆبوونەوەکەدا توانیمان باس لەئەنجامەکانی رێکەوتنی گرێبەستی جنێڤ بکەین، ھەردوولامان ھاو راین لەسەرکارپێکردنی گرێبەستەکە، بۆ ئەوەی کێشەکە بەشێوەیەکی تەواوەتی چارەسەر بکرێ و بریاری کۆتایی لەسەر بدرێ پێویستە بچینە قۆناغی دووەم ، ھەروەھا دەبێت بەخێرایی کارەکان بەرەو پێشەوە بەرین."
کێشەی سوریا و کۆنفرانسی جنێڤ ٢
لاڤرۆڤ لە قسەکانیدا ئاماژەی بەچارەسەری شەڕو گرژیەکانی سوریا و باکوری ئەفریقا کرد.
گوتی : "نابێت لەچارەسەری کێشەکاندا توندوتیژی قبوڵ بکەین، نیگەرانین لە رەوشی ئێستای سوریا، پشتیوانیی سەرجەم ئەو چارەسەرانە دەکەین کە دەبنە ھۆی وەستانی خوێن و شەڕو پێکدادانەکان لە وڵات، سەرجەم مەزھەب و لایەن و گرووپەکانی سوریا خاوەنی مافی یەکسانن، باوەڕمان وایە دەبێت بەشداری لەچارەسەری سیاسی ئێستای وڵات بکەن."
وەزیری دەرەوەی روسیا جەختی کردەوە "دەبێ سەرجەم لایەنەکانی سوریا و ئەو وڵاتانەی بەشێوەیەکی ئەرێنی کاریگەری باشیان بۆ چارەسەری کێشەی سوریا دەبێت ، پێویستە بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆنفرانسی جنێڤ-٢ بکەن، بریارە لە ٢٢ کانونی دووەم لە جنێڤ ساز بکرێ."
گوتیشی: "بەدڵنیاییەوە زۆرگرنگە وڵاتێکی گرنگی وەک ئێران بەشداری لە کۆنفرانسی جنێڤ-٢ بکا، بەبانگھێشت کردنی تاران رۆڵی گرنگی دەبێت."
لەکۆنگرەکە لاڤرۆڤ باسی لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی نێوانیان کرد، گوتی: "وەستانی توندوتیژی لە وڵاتانی عێراق و ئەفغانستان کاریگەری گرنگی لەسەر سەقامگیری و بەرپابوونی ئاسایش لەو وڵاتانە دەبێ، ھەرەشەی مادە بێھۆشکەرەکان لە ئەفغانستان بەردەوامە، بەھەمان شێوە لە عێراقیش، تەنھا لەم ساڵەدا نزیکەی ٧ ھەزار کەس بوونەتە قوربانی چالاکییە تێرۆرستیەکان، ژمارەی قوربانیانی ھێرشەکانی تێرۆرستان لە ئەفغانستان زۆر زیاترە، پێویستە ھاوکاریی وڵاتانی دروسێمان بکەین، تا بتوانین ھەڕەشەی تێرۆرستان لەسەر وڵاتەکەمان و ناوچەکە دووربخەینەوە، وەک ئێران و روسیا ئامادەین ھاوکاری رەخساندنی سەقامگیری عێراق بکەین، پەیوەندییە نزیکەکانمان لەگەڵ ئێران دژی ھیچ وڵاتێک نییە، بەپێچەوانەوە دەمانەوێ وڵاتانی تریش بەشداری لە قۆناغەکەدا بکەن."