سەرۆكی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دكتۆر دیندار زێباری لە وەڵامی دوایین راپۆرتی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) كە رۆژی ٢٠ی كانوونی دووەمی ٢٠١٦ بڵاوی كردبووە و پێشمەرگەی بە ھاوكاریكردنی میلیشیا ئێزدییەكان و وێرانكردن و سووتاندن و تەقاندنەوەی ماڵی عەرەبەكانی ئەو ناوچانە تۆمەتبار كردبوو، رایگەیاند: "ئێزدییەكان ھیچ میلیشیایەكی چەكداریان لەو ناوچانە نییە، چونكە ئێزدیەكان یەك ھێزی فەرمیان ھەیە لەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە و ئێستاش بەرگری لە بنەماڵەی ئێزدییەكان دەكات كە پێشتر لە چیای شنگال گەمارۆ درابوون و بەشێكیان لە بەرەكانی جەنگن دژی داعش لە سەنتەری شاری شنگال و ناوچەكانی دیكە".
زێباری ئەوەشی دووپات كردەوە كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەیە لێكۆڵینەوەی ورد لەم بوارەوە ئەنجام بدات، چونكە كوردستان ھەمیشە جێگای پێكەوەژیانی نێوان پێكھاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبەكان بووە بە برایانی عەرەبیشەوە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا ٦٦٠ ھەزار ھاووڵاتی عەرەب لە ھەرێم نیشتەجێن.
سەبارەت بە راپۆرتی رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ گوایە رێگا نادرێت بە گەڕانەوەی عەرەبەكانی ئەو ناوچانە، زێباری گوتی: "لە ئێستادا ئەم ناوچانە ناوچەی شەڕن و داعش بەردەوام ھێرش دەكاتەسەر پێشمەرگە زۆر جاریش بە كاتیۆشا و ھاوەن سەنگەرەكان بۆمباران دەكات. ھەروەھا لەكاتی ھێرشەكانی داعش فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان ناوچەكان بۆردومان دەكەن بۆیە بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان مەترسییەكی زۆر لەسەر ژیانی ھاووڵاتییانی سڤیلی ئەم ناوچانە دروست كردووە و بوونی ھاووڵاتی مەدەنی لەو ناوچانە دەبێتە ھۆی ئەوەی كە فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان نەتوانن وەكو پێویست ئەركی خۆیان بەجێ بگەیەنن".
ھەروەھا بەپێی زانیارییەكانی ژووری عەمەلیاتی ھاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان كە پێكدێت لە نوێنەرانی وڵاتانی (ئەمریكا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، كەنەدا، ھۆڵەندا، نەرویج، فینلەندا)، یەكێك لە گرنگترین ئەو خاڵانەی باسی لێ دەكەن بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانانە و بوونی خەڵكی مەدەنی لە چەند ناوچەیەك كە دەكەونە نزیك ھێڵی تەماس یەكێكە لەو ئاستەنگانەی كە رووبەڕووی فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان دەبێتەوە بە بەردەوامی".
سەرۆكی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە تێكدانی ئەو گوندانەی كە لە راپۆرتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئاماژە پێدراوە دەڵێت "لە كاتی ھاتنی داعش و دەست بەسەر داگرتنی ئەم گوندانە، بەشێك لە ھۆزەكانی ئەم گوندانە ھاوكاری داعشیان كردووە و بەشێك لەو گوندانە بوونەتە سەرچاوەی ھاوكاری تیرۆریستانی داعش لەوانە (سیبا شێخ خلف، خازوكە، ئوم خباری و چری و ساھر) و جگە لەوەی بردنی ماڵی دانیشتوانی ناوچەكەیان حەڵاڵ كردووە، خەڵكی ئەم ناوچانە چەندین گەنجی ئێزیدییان كوشتووە بەشێوەی كۆمەڵكوژی و رفاندویانن و چەندین تاوانی نامرۆڤییان بەرامبەریان ئەنجام داوە ھەروەھا زۆربەی ئەو كچ و ژنانەی كوردی ئێزیدی كە لەلایەن داعشەوە رفێنرا بوون یەكەمجار لەو گوندانە كۆیان كردوونەتەوە دواتر بەرەو مووسڵ و رەققە و شوێنەكانی دیكە نێردراون و، لە دوای ئازادكردنی چیای شنگال ھەندێك لە ھاووڵاتییانی كوردی ئێزیدی كوژران بەدەستی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بەتایبەتی لە گوندی (چری) كاتێك سەرقاڵی گەڕان بوون بە شوێن كەسوكارەكانیان و زانینی چارەنووسیان".
زێباری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كاتێك پێشمەرگە ھێرشی كردە سەر ئەم گوندانە بە مەبەستی رزگاركردنیان، خەڵكەكەی لەگەڵ چەكدارانی داعش بەرەنگاری پێشمەرگە بوونەوە، و لە ئەنجامی چەند شەڕێكی گران خەڵكانێك كوژران و لە ریزەكانی پێشمەرگە شەھید ھەبوون و ھەندێك خانووش وێران بوون ئەمە جگە لەوەی كە بەشێكی زۆری خانووەكان بۆمبڕێژ كراون و تیرۆریستان خۆیان لە خانووەكاندا حەشاردا بوو و تەقاندوویانەتەوە.
زێباری گوتیشی: "دوای ئازادكردنی چیای شنگال ھەندێك لە خانەوادە عەرەبەكان سەرەڕای پەیوەندییان بە داعشەوە لەم دێھاتانە مابوونەوە، بەڵام پێشمەرگە و ئێزیدییەكان بەھیچ شێوەیەك ئاستەنگی بۆ درووست نەكردن و دەری نەكردوون بۆیە ئەم خانەوادانە لە گوندەكانی خۆیان مانەوە و خەریكی كاری كشتوكاڵی خۆیان بوون تاكو بەرھەمی كێڵگە و باخەكانیان چنیەوە، ئینجا بە ویستی خۆیان روویان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش كرد لە مووسڵ و تەلعفەر و بەعاج".
سەبارەت بە ھاوكاری كردنی خەڵكی ئەم ناوچانە لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە زێباری گوتی: "حكوومەتی ھەرێم بەبێ جیاوازی ھاوكاری خەڵكی ئەم ناوچانەی كردووە بۆ نموونە گوندەكانی (سحل ئەلالح، شعلان، حساویك، سحل، بیر جاری، زكو، مجوولی، بیر قاسم، تەل مەشرەف ، نعێم كە عەشیرەتەكانی شمەڕ و شەرابی و زبێدات و راشد، لێی نیشتەجێن) لەلایەن پێشمەرگەوە رزگار كران، راستەوخۆ دوای رزگار كردنیان دەزگای خێرخوازی بارزانی یارمەتی مرۆیی گەیاند خەڵكی گوندەكە بۆ ماوەی حەوت رۆژ، بەڵام خەڵكی گوندی (سەحل ئەلمالح كە دانیشتووانەكەی ھۆزی جحێشن) ھێرشیان كردە سەر پێشمەرگە و تەنیا لە یەك رۆژدا ١٣ پێشمەرگە لەسەر دەستی خەڵكی ئەم گوندە شەھید كران".
گوتیشی: "ئەو گوندانەی كە لەلایەن پێشمەرگەوە رزگاركراون و ئێستا خەڵكی ئەو گوندانە لێی نیشتەجێن و ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەر دەبەن بریتین لە: (رەجم ئەلعەبد، ئەننعێم، رەمو، ئوم ئەلخەباری، خازوكا). بەڵام ھەندیك لە گوندەكان دەكەونە ھێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش، ھێشتاش خەڵكی تێدایە كە ئەمانەن: جەدیدا، عەسریە،مجلجا، عبتج شورا، جاسم جومعە، سیحا، مومی، بەزونەی بچووك، بەزونەی گەورە، ھەلوم، عەلكانە، عەزائم، شەعلان، مونیف، دعێدع، عەبدە، مشێرفە، ئەبو خەشب، تەل سەمیر".
دكتۆر دیندار زێباری تیشكی خستە سەر ئەو گوندانەی كە دەكەونە ناوچەی مەخموور و گوێڕ و لە ھێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعشەوە نزیكە و گوتی: "ژمارەی گوندەكان (١١٥) گوندە كە (٧٧) گوندیان كوردە و ھیچ ماڵە عەرەبی تێدا نەبووە، ئێستا ئەم گوندانە ھەموویان چۆل كراون بە ھۆی شەڕی داعشەوە، لە دەشتی قەراج (٣٨) گوندی عەرەبنشین ھەیە كە ھەمووی لەژێر دەستی داعشدایە تەنھا گوندەكانی (جەدیدە، عەلیاوە، گۆیبیە، تەل ریم، جارڵڵا) نەبێت كە لە دەست پێشمەرگەن، بەڵام كەوتوونەتە ھێڵی تەماس و لەلایەن داعشەوە بەردەوام بۆردمان دەكرێن بۆیە خەڵكەكەی چۆلیان كردووە و داعش وەك ستراتیجیەتی سەرەكی خۆیان كاتێك گوندەكانی ئەم ناوچەیە ئازاد دەكرێن لەلایەن پێشمەرگەوە ئەم گوندانە بۆمبرێژ دەكات و تا ئێستا ژمارەیەك پێشمەرگە بەھۆی تەقاندنەوەی خانووەكان شەھید بوون".
سەبارەت بە ناحییەی (گوێڕ) دیندار زێباری گوتی: دانیشتوانی گوێڕ نزیكەی دوو هەزار ماڵن كە نیوەیان كوردن و نیوەكەی دیكە عەرەبن، تەنیا (زێی گەورە) لە داعشیان جیا دەكاتەوە بۆیە بەردەوام لەلایەن داعشەوە بۆردومان دەكرێت و ژیان تێیدا ئەستەمە و دانیشتوانەكەی چۆلیان كردووە. لە دەورووبەری گوێڕ (١٥) گوندی عەرەبنشین ھەیە، (١٣) لەو گوندانە تەنیا عەرەبی لێ دەژین لەوانە (شەرایع، ھەوێرە، مەجلوبە، ئەبو شیتە، ئوم رگیبە، گەراش، ابو جەردە، مەگراد شەرابی) و چەند گوندێكی دیكە. جگە لەو عەرەبانەی چوونەتە ریزەكانی داعشەوە ئەوانی دیكە بە ئازادی لە گوندەكانی دەورووبەری گوێڕ نیشتەجێن كە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان".
ھەروەھا گوتی: "دوو گوند لە گوێڕ لە لایەن پێشمەرگەوە چۆل كراون، چونكە دەكەونە ھێڵی تەماسەوە یەكیان گوندی (سێچارە)یە كە دانیشتوانەكەی كوردن، ئەویتریشیان گوندی (دەرمان ئاوا)یە كە دانیشتوانەكەی عەرەبن. ھەروەھا خەڵكی ھەردوو گوندی (ساقبە و كوشاف) كە سەربە (گوێڕ)ن و دانیشتوانەكەی عەرەبن لەلایەن داعشەوە دەركراون. خەڵكی ھەردوو گوندی (ئەبو شیتە، مەگراد شەرابی) كە نزیك بوون لە زێی گەورە و زۆرجار لەلایەن داعشەوە كراونەتە ئامانج، بۆ پاراستنیان خەڵكی ئەم گوندانە گواستراونەتەوە و بەسەر گوندەكانی دیكەدا دابەش كراون. ھەردوو گوندی (شامامەر و عەلی مەلا داود) كە دانیشتوانەكانی كورد و عەرەبن ھیچ كێشەیان نییە و پێكەوە دەژین. ئەو خانەوادە عەرەبانەی گوێڕیان جێھێشتووە ئێستا لە گوندەكانی دەورووبەری گوێڕ نیشتەجێن".
سەبارەت بە رووداوەكانی ناوچەكانی كەركووك بەتایبەتی خورماتو زێباری تیشكی خستە ئەوەی كە ئێستا بارودۆخی ناوچەكە ئارامە و ھەوڵەكان بەردەوامن لەم بارەیەوە گوتی: "بە داخەوە بە ھۆی روودانی چەند رووداوێكی نەخوازراوەوە ھێرش كرایە سەر دامودەزگاكانی حكوومەت وەك نەخۆشخانە و قوتابخانەكان ھەروەھا بارەگای لایەنەكانی كوردی و ژمارەیەك ھاووڵاتی بوونەتە قوربانی و بریندار بوون و نزیكەی ١٠٠ ماڵی ھاووڵاتیان و ٦٠ شوێنی بازرگانی ھاووڵاتییان سووتێنران".
سەبارەت بە ناوچەی جەلەولا زێباری ئاماژەی بەوە كرد كە داعش بە توندترین شێوە ناوچەكەی وێران كردووە، لەم بارەیەوە گوتی: "بەپێی زانیارییەكانمان لە ماوەی داگیركردنی جەلەولا لەلایەن داعشەوە كە زیاتر لە پێنج مانگی خایاند وێرانكارییەكی زۆری لەو ناوچەیە ئەنجام داوە وەك ستراتیجیەتی تێكدەرانەی لەو شوێنانەی كە داگیری دەكەن و ھەموو دامودەزگاكانی حكوومەت و ژێرخانی ئابووری گرتۆتەوە و زیانەكانی ئەو وێرانكارییە بە ٦٠ ملیار دینار دەخەمڵێندرێن".
لە كۆتاییدا دكتۆر دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند كە لە ماوەیەكی نزیكدا بە تێروتەسەلی وەڵامی خۆمان بۆ رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ (لێبووردنی نێودەوڵەتی) رادەستیان دەكەین بە پشت بەستن بە ژمارە وداتا.
news_share_descriptionsubscription_contact

