ھەولێر - AA
شیروان زرار دەڵێت پێیان باش بوو ھەرسێ ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێم و ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێکەوە بکرێن و لەیەک رۆژدا.
"بەشێک لە پێداویستیی لۆجیستی ھەڵبژاردنی ئەیلوول بەردەستن"
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ چییە و بەکوێ گەیشتووە؟
شیروان زرار: ئێمە دوای ئەوەی فەرمانی ھەرێمی ژمارە یەکمان بەدەست گەیشت کە تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان تەواوی ئامادەکاریی بکات بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەو سۆنگەیەوە و ئێمە وەکو ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وەکو ئەرکی سەرشانی خۆمان لە دوو ھەفتەی رابردوودا کۆمەڵێک کۆبوونەوەی چڕوپڕمان کرد و گەیشتینە ئەوەی لە قۆناغی یەکەم پلانی ئەو ھەڵبژاردنەمان پەسەندکرد کە خشتەی کردارەکانی پێ دەگوترێت، دیارە خشتەکە سەرجەم پڕۆسەکە لە خۆ دەگرێت لە رۆژی یەکەمی تۆمارکردنی قەوارە سیاسییەکانەوە تا راگەیاندنی ئەنجامەکان و سکاڵای لایەنەکان و تەواوی پڕۆسەکەی تێدایە و بەخۆشحاڵییەوە لە دوێنێوە لە ٢٥ی ئەم مانگە دەستکرا بە تۆمارکردنی قەوارە سیاسییەکان و تاوەکو حەوتی مانگی حوزیرانی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ھەروەھا لە ١٨ی حوزیرانەوە تا ٢٠ی ئەو مانگە تایبەت کراوە بە تۆمارکردنی ھاوپەیمانییەتییەکان.
بەپێی ئەو خشتەیەی لە بەردەستدایە رۆژانە کارەکانی بڕیار لەسەردراو لە ئەجیندای ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول، بۆیە ئێمە لە ئێستاوە ئامادەکاریی دەکەین بۆ ھەڵبژاردنەکان و ئومێد دەکەین بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە کارەکان بڕوات.
ئاژانسی ئانادۆڵو: گرێبەستتان کردووە بۆ دابینکردنی پێداویستییە لۆجیستییەکان؟
شیروان زرار: ئێمە بەشێک لە کەلوپەلی لۆجیستییمان لەبەردەستدایە و ماون و ھی کاتی ریفراندۆمن، بەشێکی ماوە مەوادی لۆجیستییمان پێویستە و بەشێک لەمان لە دەرەوەی وڵات دەھێنرێن، ئێستا گرێبەستەکان ئامادەکراون و چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و کارگێڕیین کە رەزامەندیی لەسەر دەرببڕن لەڕووی داراییەوە بۆ ئەوەی بزانیین چەند و چیمان پێویستە، ھەر کاتێک کاتی بوو بەپێی خشتەکە ئەو کاتە پێداویستییەکان دابین دەکەن بە نموونە مەرەکەبی دەنگدان و مەوادی لۆجیستی دیکە دەگاتە کۆگاکانی ئێمە و بە شێوەیەکی باش لەبەردەستدا بێت و ھەموو شتێک رەچاو بکرێت.
"ھەڵبژاردنی ئەیلوول بە لیستی نیمچە کراوە دەبێت و تەنھا بۆ پەرلەمانی کوردستانە"
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەی سەبارەت بە یاسای ھەڵبژاردن، ھەڵبژاردنی ئەیلوولی داھاتوو بەپێی یاسای بەرکار ئەنجام دەدرێت یان ھەمواردەکرێتەوە؟ کات ماوە بۆ ھەموارکردنەوەی یاساکە؟
شیروان زرار: پێم وابێت کاتێکی ئەوتۆ لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان نەمابێت بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، ئامادەکارییەکانی ئێمە تا ئێستا بەو شێوەیەیە ھەڵبژاردن بە سیستەمی لیستی نیمچە کراوە بەڕێوەبچێت. لە دانیشتنی پێشتر لە پەرلەمانی کوردستان باسمان کرد ئەگەر پڕۆژە یاسایەک بۆ ھەموارکردن ھەبێت ئەوا پێش دوو تا سێ مانگ بەر لە دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی ئێمە و ئەو مەسەلەیە یەکلایی بکەنەوە، چونکە ئێمە ئێستا کار بەو یاسایە دەکەین کە ھەموو کوردستان یەک بازنەی ھەڵبژاردن بێت و ھەروەھا بە لیستی نیمچە کراوە دەبێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە ٣٠ ئەیلوول تەنھا ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت؟ داواتان لە ئەنجوومەنی وەزیران نەکردووە روونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەوە بدات کە لەو بەروارە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمیش دەکرێت یان نا؟
شیروان زرار: ئێمە لە کۆتایی ٢٠١٧ دانیشتنێکی کراوەمان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران کرد و باسمان کرد و پێشتر نووسراوێکمان ھەبوو تێیدا داوامانکردبوو ھەرسێ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی ھەرێم، ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێکەوە لەیەک کاتدا بکرێت، بەڵام ئەو کات تێبینی ئەوەمان کرد بەڕێزان لە ئەنجوومەنی وەزیران لەو قۆناغەدا مەبەستییانە تەنھا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، لەو فەرمانە ھەرێمیشەدا دیارە کە بەحەسری داواکراوە ئێمە ھەڵسین بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێمە باسمان کردووە کە پێمان باشە ھەرسێ ھەڵبژاردنەکە لەیەک کاتدا بکرێت بۆ رێکخستنی کاتی ھەڵبژاردنەکان لە ھەرێم لە لایەک، ھەروەھا خەرجیی زۆر کەمتر و کارمەندی کەمتریشی دەوێت، بەڵام ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە دەدات ئەنجوومەنی وەزیرانە لە ئێستایە کە لەوێش لە لای سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە، ئێستا ئەگەر بیانەوێت ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش بکرێت ئەوا پێویست بەکاتی زیاتر و بوودجەی زیاترە و ئەنجوومەنی کۆمیسیارانیش کۆدەبێتەوە و رای خۆی دەڵێت.
"مانگی داھاتوو دەبینە خاوەنی تۆمارێکی دەنگدانی خاوێنی تایبەت بەخۆمان"
ئاژانسی ئانادۆڵو: رەخنەیەکی زۆر ھەبوو لەسەر ناخاوێنی تۆماری دەنگدەران، پڕۆسەیەکتان ھەبوو بۆ پاککردنەوەی، ئێستا ئەو تۆمارە پاککراوەتەوە؟
شیروان زرار: بێگومان بەخۆشحاڵییەوە ئیشێکی زۆر باش کراوە لەسەر تۆماری دەنگدەران و دەمەوێت ئەوە رابگەیەنم کە بۆ یەکەمین جارە ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی تۆمارێکی دەنگدەرانی تایبەت بەخۆی، ئێمە پێشتر پشتمان بە کۆمیسیۆنی باڵای عێراق دەبەست و بۆ ھەموو کاتێک دەبوو بە فەرمی داوای ئەوە بکەین، بەڵام ئێستا پشتمان بەخۆمان بەستووە و پشتمان بە تۆماری کۆمپانیای خۆراک بەستووە و ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەو کۆمپانیایە لە پارێزگاکانی ھەرێم دانیشتووین و ئامار و داتای ھەموویان پێداوین، ئێمە داتاکانمان وەرگرت و گرفتی زۆرمان ھەبوو لەوەی بنکەکانی دەنگدانی تێدا نەبوو، بۆیە تیمی پسپۆڕمان داواکرد و گرێبەستمان لەگەڵ چەند پسپۆڕێک کرد و بۆ ماوەی چەند مانگێک ئەو ناوانەمان رێکخستەوە و ئێستا گرفتمان لەوە نەماوە، ناوی دووبارە، ناوی ئاوارە کە نزیکەی ٢٣ ھەزار ئاوارەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ھەبوو دەرمانھێنابوو، ئێستا ناوی لێکچوو ماوەتەوە و چەند گرفتێکی دیکە، ئێمە پێمان وایە بۆ ماوەی مانگێک دەتوانیین ببینە خاوەنی تۆمارێکی خاوێن، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا لە ئایندە ھەموو روونکردنەوەیەک لەبارەی دەرھێنانی ئەو ناوانەی نابێت لە تۆمارەکەدا ھەبن دەدەین و بڵاویان دەکەینەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: کەواتە ئەو ناوانەی دووبارە، مردوو، لێکچوو، شتی دیکە کە لابراون لەو تۆمارە نوێیە چەند دەبن؟
شیروان زرار: من ناتوانم لە ئێستادا ژمارەیەکی دیاریکراو بدەم، چونکە ئیشی لەسەر دەکرێت، بەڵام دڵنیایی و بەڵێن دەدەین ھەموو داتا و زانیارییەکان دەخەینە روو و تۆماری دەنگدەران بەشێوەی ئەلیکترۆنی یان پی دی ئێف دەدەین بەسەرجەم قەوارە سیاسییەکان و ھیچ گومانێک لەسەر تۆمارەکە لەلای ئەوان و خەڵکیش ناھێڵین و ھەموو وردەکاریی تێدایە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: باس لە بوونی ٦٠٠ ھەزار ناوی ئاوارە و مردوو و دووبارە و ئەوانە ھەیە، ئەو ژمارەی ئێوە دەرتان ھێناوە نزیکە لەم ژمارەیەوە؟
شیروان زرار: بەشێکی باشمان لابردووە، ئێمە داتای خۆشمان لەکاتی خۆی بڵاوکردەوە و باسی گرفتەکانمان کرد، ئەو ژمارەیەی لەلای ئێمە ھەبوو جیاواز بوو لەوەی باس دەکرا، بەڵام بەشی زۆری ئەو رەخنانەی لە ئێمە و تۆمارەکە ھەبوو چاککمان کردووە و ئێمە لەکاتی پرسە چارەنووسسازەکاندا لەگەڵ رێکخراوەکان و راگەیاندنەکان و قەوارە سیاسییەکانیش چارەسەرییان دەکەین پاش پرس پێکردنیان، ئێمە مادام کارمان بۆ قەوارە سیاسییەکانە ناکرێت گوێیان لێ نەگرین، ئەگەر گوێیان لێ بگرین کەمتر رەخنەمان لێ دەگیرێت و سەرنجمان لەسەر دەبێت، بۆیە وا باشترە ئەو ھەڵبژاردنەی لە ھەرێم دەکرێت لە عێراق باشتر بێت و بیکەینە ئەزموونێکی سەرکەوتوو و سوودی لێ ببینین.
ئاژانسی ئانادۆڵو: کەواتە مانگی داھاتوو ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن تۆمارێکی دەنگدانی بێ خەوش سەد دەر سەد؟
شیروان زرار: بەڵێ بێ گومان، بەڵام من ناڵێم سەد دەر سەد، ئێمە کاردەکەین و ئەوەی لە تواناماندا ھەبێت کار دەکەین و خستوومانەتە گەڕ بۆ ئەو مەبەستە، ئێمە لەکۆتایی ٢٠١٧ەوە کار دەکەین، ئێمە ١٥٠٠ کاتژمێر کارمان کردووە بۆ پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و ستافێکی تایبەتیی ھەیە و پسپۆڕی تایبەتیان لەگەڵە و زۆر جارە ئەو ستافە تا درەنگانی شەو دەمێننەوە، بۆیە ھەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی ئەو تۆمارە تەواو خاوێن بێت.
ئێمە داوامان کردووە تۆماری دەنگدەرانی تایبەتیش بدرێت بە ئێمە، بەڵام ھێشتا ئەمە نەکراوە، ئێمە پێویستیمان بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی لایەنەکانی دیکەش ھەیە، بۆیە ئێمە ناچارین پشت بە تۆماری دەنگدانی تایبەتی عێراق ببەستین کە ١٨٥ ھەزار کەسە لە دەنگدانی تایبەت. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا کۆمیسیۆن تەنھا ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردنە، بەڵام ئەرکی ئێمە بەپێی یاساکەمان دروستکردن و پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و سەرپەرشتی ھەڵبژاردنیشە کە ئەمە ئەرکێکی قورسە، بەڵام لە وڵاتی دیکە ئەمە نییە و کۆمیسیۆن تۆمار لە حکوومەت وەردەگرێت و تەنھا ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردنەکانە.
"سێ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە و ٤١ ھەزاریشیان لەسەرووی ٩٠ ساڵییەوەن"
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە ھەرێمی کوردستان چەند ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، قسەیەک ھەبوو ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی ٩٠ ساڵەوەیە لە تۆماری دەنگدەران دەرھێنراون، ئەمە راستە؟
شیروان زرار: نزیکەی سێ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، بەڵام لەکاتی خۆیدا و لەماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدان زیاتر دەردەکەوێت، خەڵک ھەیە ناوی نییە و تۆمار نەکراوە و ناوی زیاد دەکرێت، ھەیە راستکردنەوەی بۆ دەکرێت، ھەیە مردووە ناوی دەسڕێتەوە، ئیتر ئەو کارانە دەکرێن لەو پرۆسەیە و پاش تەواوبوونی ئەم پڕۆسەیە داتایەکی وردمان لەلا دەبێت و رایدەگەیەنین کە ئەوەندە ھاووڵاتی مافی دەنگدانییان ھەیە. بەھیچ شێوەیەک شتی وا نییە ئەوانەی تەمەنییان لە ٩٠ ساڵییەوەیە لە مافی دەنگدان بێ بەش بکرێن، ئەوە ناکرێت، چونکە کەس مافی ئەوەی نییە ئەوەی لەسەرووی ١٠٠ ساڵیشەوە بێت مافی دەنگدانی لێ بسەنرێتەوە، ئەوانەی لەسەرووی ٩٠ ساڵییەوەن نزیکەی ٤١ ھەزار کەسن و ئێستاش گۆڕانکارییان بەسەردا ھاتووە مافی دەنگدانییان ھەیە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: کابوسی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوام ئامادەیە و پێشتر بەچەندین شێواز ساختەکاری کراوە، دەنگدان بە ئەلیکترۆنییە ھەر ساختەکاری دەکرێت، بە دەست دەکرێت ھەر ساختەکاری ھەیە، بۆ ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول چۆن رێگری لە ساختەکاری دەگرن؟
شیروان زرار: ئەزموونی عێراق ئەزموونێکی زۆر باش بوو بۆ ئێمە، بەکارھێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی دەریخست کۆمەڵگەی عێراقی و ئەوەی کە ئیدارەی ئەو دۆخە دەکات کە کۆمیسیۆنی عێراق بوو سەرکەوتوونەبوو لەو ئەزموونە، تا ئێستا زۆرینەی ئەنجامەکان لە لایەن زۆرێک لە قەوارەکانەوە رەتدەکرێتەوە و پەرلەمانی عێراق لە ھەوڵی ئەوەدایە ئەنجامەکان ھەڵبوەشێنێتەوە، بەداخەوە یەکەمین پڕۆسە بە شێوەیکی خراپ و شتکسخواردوو بەڕێوەبچێت کە زۆرترین سکاڵا و تانەی لایەنە سیاسییەکانی لەسەر بێت، بۆیە ئێمە ھەفتەی رابردوو بڕیارمان دا کە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بە ئەلیکترۆنی نەبێت، سەرباری ئەو تانە و ناڕەزاییەتییانە و بوونی یاداشتی پێنج لایەنی سیاسی لە ھەرێم کە داوایانکردبوو رێگەی ئەلیکترۆنی نەگیرێتە بەر، بۆیە ئێمە پێمان باش بوو بەدەست بێت. بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکان کار لەسەر ئەوە بکەین کە ئەو درزانەی گومان دەکرێت لە ھەڵبژاردنەکان رێگەخۆش بکەن بۆ ساختەکاری نەھێڵین و پێویستمان بە پشتیوانی ھەموو لایەنێکە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنێک بکەین جیاواز بێت لەوەی عێراق و شتە شکستخواردووەکان دووبارە نەکەینەوە و ئەنجامەکانی ٣٠ی ئەیلوول جێی رەزامەندی ھەموو لایەنەکان بێت و جارێکی تر ئومێد بۆ ھاووڵاتییان بگەڕێتەوە بۆ ھەڵبژاردن و ئومێد بگەڕێنینەوە بۆ قەوارە سیاسییەکان کە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیانێکی گەورەی بە متمانەی ئەوان و ھاووڵاتییانیش بە ھەڵبژاردن گەیاند.
news_share_descriptionsubscription_contact

