Mazın Asad
13 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2015
مۆسکۆ
سەرۆکی رووسیا، فلادیمیر پوتین پێش ئەنجامدانی لوتکەی جی ٢٠ لە شاری ئەنتاڵیا بە شێوەیەکی نووسراو وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی و ئانادۆڵو ھەروەھا ئاژانسی ھەواڵی ئەنتەرفاکسی دایەوە.
لە پرسیارێکدا کە "کاردانەوەی زۆر لە ئۆپەراسیۆنەکانی رووسیا بۆ سەر ئامانجەکان لە سووریا ھەیە، ئایا ئەو کاردانەوانە ھیچیان لەسەر حەق نینە؟ ئێوە جەخت لەوە دەکەنەوە کە دوارۆژی سووریا گەلەکەی دیاری دەکات، لە ئێستادا ئایا ئێوە کام گرووپ وەک گەلی سووریا دەبینن؟" پوتین لەوبارەیەوە گوتی: "لە سەرەتاوە پشتگیری لەوە دەکەین کە دەبێت گەلی سووریا خۆی دوارۆژی وڵاتەکەی دیاری بکات و بەردەوام دەبین لەم بیرۆکەیە. خۆشحاڵی خۆمان لەبارەی بەیاننامەی کوتایی ھاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی ١٧ وڵات و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورووپا لەبارەی سووریا نیشان دەدەین کە لە ٣٠ی مانگی رابردوو لە ڤیەننا کۆبوونەوەیەک رێکخرابوو".
پوتین لەبارەی چارەسەری قەیرانی سووریا گوتی: "ئامادەکردنی نەخشەرێگایەک ئەرکی ئێمە نییە. پێویستە گەلی سووریا خۆی نەخشە رێگایەک ئامادە بکات و خۆشی پەسەندنی بکات، بەڵام لەبارەی سەرکەوتنی گەلی سووریا بەسەر تیرۆریستان و رزگاربوونی سووریا لە قەیران بۆچوونی خۆمان لەسەر ھاوکاریکردنی ھێزەکانی دەرەکی ھەیە. دیپلۆماسی رووسیا ئەم پێشنیارانەیان بە روونی باس کردووە. ئەم بانگەوازە بۆ درێژەدانە بە دیالۆگەکان بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا. گشت ئەمانە دەرفەت بۆ شکستھێنان بە داعش، دووبارەی پێکھێنانی دەوڵەتێکی یەکپارچە، سەروەر و عیلمانی دەڕەخسێنێت بێ رەچاوکردنی ئەتنیک و ئایین. ھەروەھا دەرفەت بۆ دووبارە زیندوبوونەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵات دەڕەخسَنێت. دووبارەی دەکەمەوە پێویستە تەنھا گەلی سووریا خۆی دوارۆژی خۆی دیاری بکات و سەرۆکی وڵاتەکەی ھەڵبژێرێت".
سەرۆکی رووسیا گوتیشی: "کاتێک لە مۆسکۆ پێشوازیمان لە سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد کرد بە گوێرەی مەنتقی یاسای نێودەوڵەتی جموجۆڵمان کردووە. ئەگەر سەرۆکی وڵاتێکی دۆست بۆ مۆسکۆ داوەت بکەین و پرسیاری جێھێشتنی لە دەسەڵات لێ بکەین ئەوە ھەڵوێستمان تا چەند شەرعی و دروست دەبێت؟ سووریا وڵاتێکی سەربەخۆییە و بەشار ئەسەدیش لە لایەن گەلەکەیەوە ھەڵبژێردراوە. مافی ئەوەمان ھەیە لەگەڵ ئەودا باسی ئەم بابەتانە بکەین؟ بێگومان نەخێر".
پوتین لە درێژەدا گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی لە سووریا لەسەر داوای حکوومەتی شەرعی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت. دووبارەی دەکەمەوە ئامانجی سەرەکیمان پشتگیریکردنی ئەسەد نییە بەڵکو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتییە. بەردەوام بە بۆردوومانکردنی ئۆپۆزسیۆنی میانرۆی سووریا تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام لەوبارەیەوە ھیچ دەلیلێک نییە و کەچی ئێمە لە سەرووی گشتیان ھەماھەمگیمان لەگەڵ سوپای ئازای سووریا و ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ھەیە. ھێزەکانی ئاسمانی رووسیا چەندین جار ھێرشی کردە سەر ئامانجەکان لەو وڵاتەدا".
پوتین ھەروەھا گوتی: "لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە شێوەیەکی کاریگەر پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوڕابن لەسەر ئەوەی کە کام لایەن تیرۆریستە. بابەتەکە پەیوەندی بە گرووپێک نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوە ھەیە کە کێ تیرۆر وەک ئامرازێک بەکار دەھێنێت. بەو ھۆیەوە پێویستە تاکە لیستێک لەوبارەیەوە ئامادە بکرێت کە گرووپە توندڕەوەکان لەخۆ دەگرێت. رووسیا لەوبارەیەوە لە کۆبوونەوەکانی سووریا لە ڤیەننا پێشنیاری پێشکەش کردبوو".