Sarmand Hameed
10 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح رایگەیاند، گەلی عێراق چاوەڕێی ئەرکێکی جیددین بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتێک کە گوزارشت لە ئیرادەیان بکات بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانیان بۆ ئایندەیەکی باشتر.
بەرهەم ساڵح بە بۆنەی کۆتاییهانی پرۆسە دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرانسەری عێراق بەڕێوەچوو، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
بەرهەم ساڵح نووسیوویەتی: "تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان خاڵی دەستپێکە بەرەو چاکسازیی کە لە لایەن خەڵکەوە دەکرێت و جەخت لەسەر هەڵبژاردنی دیموکراسیی خۆیان دەکەنەوە و چاوەڕێی ئەرکێکی جدین بۆ پێکهێنانی دەسەڵات کە گوزارشت لە ئیرادەیان بکات بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانیان بۆ ئایندەیەکی باشتر".
سەرکۆماری عێراق سوپاسی گشت ئەو لایەنانەی کردووە کە رۆڵیان گێڕاوە لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی و نووسیوویەتی: "سوپاسی حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتیی دەکەین بۆ دەستەبەر کردنی مەرجەکانی سەرکەوتن بۆ ئەم رۆژە مێژووییە".
کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە سەرانسەری عێراق دەستی پێ کرد و تاوەکو شەشی ئێوارە پرۆسەکە بەردەوام بوو.
بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٦٨ وڵاتی جیهانەوە زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ چاودێری نێودەوڵەتی کە ٨٠٠ کەسیان چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان بوون و ٧٥ هەزار چاودێری ناوخۆییش چاودێری پرۆسەکەیان کرد.
لە سەرانسەری عێراق بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان هەشت هەزار و ٢٧٣ بنکەی دەنگدان کرابوونەوە کە ٥٥ هەزار و ٤١ وێستگەی دەنگدانیان تێدا بوو.
لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.