Mazın Asad
11 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2018
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و دوا پێشھاتەکانی سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەنجام دا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی کۆمار دەست کەوتوون، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و دوا پێشھاتەکانی سووریا کرا.
ئەردۆغان لە پەیوەندییەکەدا جەختی لەسەر راگرتنی دەستبەجێی ھێرشەکانی رژێمی ئەسەد بۆ سەر ئیدلب و غوتەی رۆژھەڵات کردەوە بەمەبەستی سەرکەوتنی کۆنگرەی گەلانی سووریا لە سۆچی و کۆبوونەوەکانی ئاستانا.
ھەر لە پەیوەندییەکەدا ئەردۆغان و پوتین جگە لە پرۆژەکانی وێستگەی ناوەکی ئاککویو و تەوژمی تورک، تاوتوێی کاری ھاوبەش لە بواری وزە کرا. ھەردوو سەرکردە پێداگری خۆیان دووپاتکردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لە گشت بوارەکاندا.
ھاوکات ئەردۆغان و پوتین ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەبارەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ھەماھەنگی ئاست باڵای تورکیا و رووسیا و کۆنگرەی سۆچی کرد.