Zana Natık Kerem
05 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2017
ریاز ــ AA
شای سعوودیە، سەلمان عەبدولعەزیز ئالسعود پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ ئەنجام دا و تیایدا ئیدانەی ئەو كردە تیرۆریستییەی كرد كە رۆژی سێشەممەی رابردوو لە شاری نیویۆرك رووی دا و ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە و ئاماژەی بەوەشدا، ئەو كردە تیرۆریستییە دوورە لە بەهای ئایینی و بنەما مرۆییەكان.
بە پێی ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعود دووپاتی كردووەتەوە كە سعوودیە ئامادەییە بۆ بەرنگاربوونەوەی كارە شەڕەنگێزەكان یارمەتی ئەمریكا بدات.
هەروەها شای سعوودیە ئاماژەی بەوەشداوە كە وڵاتەكەی پشتیوانی لەو رێوشوێنانە دەكات كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی گرتووەتەبەر.
هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعود دووپاتی كردووەتەوە گە گرنگە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ لەناوبردنی تیرۆر و وشككردنی سەرچاوەكانی زیاتر بخرێنەگەڕ.
لە كۆتاییدا، شای سعوودیە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەلی ئەمریكا و كەسوكاری قوربانیانی کردە تیرۆریستییەكەی رۆژی سێشەممەی رابردوو كردووە و هەروەها هیوا زووچاكبوونەوەی بۆ بریندارەكان خواستووە.
لە بەرامبەردا سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ ستایشی هەڵوێستەكەی شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعود كرد و هەروەها رۆڵی سعوودیەی بۆ بڵاوكردنەوەی میانڕەویی و بەرنگاربوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاندووە.
هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، دۆناڵد ترەمب و سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعود پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و سعوودیە لەسەرجەم بوارەكاندا لەگەڵ چۆنیەتی پەرەپێدان بەو پەیوەندییانە، هەروەها دوایین رەوشی هەرێمیی و نێودەوڵەتییان تاوتوێ كرد.
رۆژی سێشەممەی رابردوو لە لە نزیك ناوەندی بازرگانی جیھانی لە ناوچەی مانھاتن لە شاری نیویۆرك، شۆفێرێكی بارهەڵگر خۆی كرد بە نێو چەند كەسێكدا و لە ئاكامدا، هەشت كەس گیانیان لەدەستدا و، ١٢ی دیكەش برینداربوون.