Zana Natık Kerem
09 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2023
ھەولێر – AA
شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەمەبەستی گەیاندنی گلەییەکانیان لەبارەی جێبەجێ نەکردنی خاڵەکانی نێو کارنامەکەی حکوومەتی عێراق کە لەگەڵ لایەنەکانی سوننە، شیعە جگە لە رەوتی سەدر، سەردانی بەغدای کرد.
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەردانەکەی بۆ بەغدا، بەجیا لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی سەربە ئیدارەدانی دەوڵەت و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جینین ھێنیس پلاسخارت و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی کۆبووەوە.
بە پێی ئەو راگەیەندراوانەی کە لە لایەن هەر کام لە هێزە سیاسییەکانی شیعە و سوننە بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکانی شاندەکەی پارتی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی شیعە و سوننە، هەموو لایەک جەختیان لە نوێکردنەوەی ھاوپەیمانی نێوانیان کردووەتەوە، ھەروەھا داوا کراوە کە خاڵەکانی نێو کارنامەی حکوومەتەکەی سوودانی جێبەجێ بکرێت، بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
بەپێی یەکێک لە خاڵەکانی نێو کارنامەی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی کە کورد، شیعە و سوننە لەسەری رێککەوتوون، دبێت لە ماوەی شەش مانگدا، یاسای نەوت و غاز بە هاوبەشی لەلایەن هەر دوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمەوە ئامادە بکرێت.
خاڵێکی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا پرسی بوودجە بوو کە لە ١١ی حوەزیرانی ٢٠٢٣ لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندکرا و لە یەکی مانگی تەمووزی ڕابردووە کەوتە واری جێبەجێکردن کە بە پێی یاساکە پشکی ھەرێمی کوردستان بە ١٦ تریلیۆن و ٦٠٩ ملیار دینار دیاریکراوە کە مانگانە دەکاتە یەک تریلیۆن و ٣٨٤ ملیار دینار. لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی عێراق تەنھا ٥٩٨ ملیار دیناری بۆ مانگی تەممووز رەوانەی ھەرێم کرد. ئەو پرسە ناڕەزایەتی حکوومەتی هەرێمی لێکەوتەوە.
دوایین کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا کە دەگوترێت بۆ گەیاندنی ئەو ناڕەزایەتیانە سەردانی بەغدای کردووە، شەوی رابردوو لەگەڵ سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی ئەنجامدرا.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی نوری مالیکی لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی سیاسیی لە عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، ھەروەھا پرسی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عیراق خراونەتە بەرباس.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکەی پارتی گلەییەکانی خۆیان لەبارەی جێبەجێ نەکردنی ئەو خاڵانەی کە لەسەری ڕێککەوتوون گەیاندووەتەوە سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لای خۆیەوە نوری مالیکی بەڵێنی بە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە کە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەر بکەن.
هاوکات ئەندامی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، پشتیوان سادق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە بەڵێنیان لە سەرکردەی لایەنەکانی سەربە ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت وەرگرتووە کە مانگانە، شایستە داراییەکانی ھەرێم، بنێردرێت.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە پێیان وایە، تا ئێستا ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا جێبەجێ نەکراوە، جگە لەوەیش بەردەوام مافە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستان پێشێل دەکرێت.
پشتیوان سادق بە پێویستی زانیووە کە یاسا گرنگەکان، بەڕێککەوتن دەربکرێن و گوتی: "گرنگە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن".