هەولێر
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامی كرد و لەگەڵ محەمەد فەرەج ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە كۆبوویەوە.
دواتر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ هەریەكە لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف مەحمەد و ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی محەمەد فەرەج بەرێوە چوو.
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی گوتی: "بێجگە لەشەڕی داعش باسمان لە دەستووری هەرێمی كوردستان كردووە، كە پێمان وایە پڕۆژەی دەستووری هەرێم دەبێت لە پەرلەمانی كوردستان تاوتوێ بكرێت و پاش سازان و رێكەوتنی كۆتایی لەسەر بكرێت".
لای خۆیەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتی: "پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تاكە پرس نییە لە دەستووری هەرێم گرنگ بێت، زۆر پرسی دیكەش هەن كە لەنێو دەستوور دایە، بۆ خەڵكی كوردستان گرنگە و دەبێت زیاتر تاوتوێ بكرێت".
ئەو گوتیشی: "هەوڵدەدەین كۆبوونەوە لەگەڵ پارت و لایەنەكانی سیاسی بكەین بەئامانجی گەیشتنە ئامانجی دەستبەركردنی پڕۆژەیەكی دەستوور كە گونجاو بێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستا و بەرنامەڕێژی بۆ گشت دەسەڵاتەكان لە هەرێمی كوردستان بكات.
یوسف مەحمەد ئەوەشی راگەیاند: "دوای گەیشتن بەرێككەوتنی لایەنەكان لەسەر پڕۆژەی دەستوور، چاوەڕێ دەكرێت لە داهاتوودا رەشنووسی دەستووری هەرێم بخرێتە راپرسییەوە، خەڵكی كوردستان دەنگی لەسەر بدات".
پاش تەواوبوونی سەردانەكەیان بۆ لای یەكگرتووی ئیسلامی ، شاندی سەرۆكایەتی پەرلەمان گەیشتنە بارەگای مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری ئەو حزبە و ئەندمانی مەكتەبی سیاسی دەستی بەكۆبوونەوە كرد.