سلێمانی
گۆڤاری لڤین هەفتەی رابردوو بڵاوی كردەوە كە سێ هەزار دانە لە ژمارە 299ی گۆڤارەكەی لە ناو بنكەی دابەشكردنی گۆڤارەكەدا لە شاری هەولێر دەستی بەسەردا گیرا و بۆ شوێنێكی نادیار براوە.
گۆڤارەكە هێزەكانی ئەمنی شارەكەی لە پشت كۆكردنەوەی گۆڤارەكەی لە هەولێر تۆمەتبار كرد، بەڵام دواتر پۆلیسی هەولێر رایگەیاند ئەو ژمارەیەی گۆڤارەكە دزراون .
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا چاپكردنەوەی سێ هەزار دانەی ئەو ژمارەیەی گۆڤارەكە راگەیەندرا كە لەلایەن هەشت رێكخراوی نێودەوڵەتی و عێراقییەوە چاپكراوەتەوە.
سەرنوسەری گۆڤارەكە ئەحمەد میرە گوتی: "دوای دیار نەمانی ئەو ژمارەیەی گۆڤاری لڤین لە شاری هەولێر هەشت رێكخراوی نێودەوڵەتی و عێراقی پەیوەندییان پێوە كردین و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ چاپكردنەوەی گۆڤارەكە و دابەشكردنەوەی لە شاری هەولێر".
میرە گوتیشی: "ئەم چالاكییەی ئەمڕۆمان پەیامێكە بۆ حكوومەتی هەرێم و بەرپرسانی شاری هەولێر كە ئازادی رۆژنامەگەری رایەڵەیەكی بەرفراوانی هەیە و پرسێكی جیهانییە و لە دوای ئەو روداوەوە ژمارەیەك لە كونسوڵخانە و رێكخراوە بیانییەكان پێوەندییان پێوە كردوین و هاتونەتە سەر خەت".
لەبارەی هۆكاری كۆكردنەوەی گۆڤارەكەوە میرە ئاماژەی كرد بەوەی " لەو ژمارەیەی گۆڤارەكەدا كارمان لەسەر پرسی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردبوو، تێیدا چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بڵاوكراوەتەوە كە رەنگە ئەو هۆكارە لە پشت كۆكردنەوەی گۆڤارەكەمانەوە بوبێت".
سەرنوسەری لڤین گوتی: "چاپكردنەوەی ئەو ژمارەیەی گۆڤارەكە بۆ تاقیكردنەوەی دەزگاكانی ئەمنی شارەكەیە كە ئاخۆ بەردەوامن لەسەر فشار و كۆكردنەوەی گۆڤارەكە یان نا".
ئەو رێكخراوانەی گۆڤارەكەیان چاپكردووەتەوە بریتین لە تۆڕی پارێزەرانی خۆبەخش بۆ پارێزگاری لە ئازادی رادەربڕین، رێكخراوی میدیای سەربەخۆ لە كوردستان، رێكخراوی فری پرێس ئەن لیمیتدی هۆڵەندی، رێكخراوی ئەنتەر ناشناڵ سەپۆرتی دانیماركی، میدیای كۆپورەیشنی ئەڵمانی، ئەكادیمیای راگەیاندنی ئەڵمانی لە عێراق ، ڕێكخراوی زار بۆ بەرگری لە ئازادی رادەربڕین، روانگەی ئازادییەكانی رۆژنامەوانی لە عێراق.
نوێنەری رێكخراوەكان دانا ئەسعەد لە كۆنگرەكەدا گوتی: "ئێمە تۆمەت ناخەینە پاڵ هیچ لایەنێك لەسەر ئەو روداوە و متمانەمان بە دەزگاكانی ئەمنی هەیە، بۆیە داواكارین لێیان پارێزگاری لەو چاپە نوێیەی گۆڤارەكە بكەن كە چاپمان كردۆتەوە و ئازادی رۆژنامەوانی لە كوردستان بپارێزن".
ئاماژەی بەوەشكرد، زانیارییان بەدەست گەیشتووە كە بەشێك لە رۆژنامە فرۆشەكان هەڕەشەی ئەوەیان لێكراوە كە گۆڤارەكە نەفرۆشنەوە.لەلای خۆیەوە رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ پارێزگاری لە رۆژنامەنووسان رەحمان غەریب گوتی: "كۆكردنەوەی ئەو ژمارەیەی گۆڤارەكە پرسیاری گەورەی لەلای رێكخراوەكانی بیانی دروست كردووە و داوای هۆكار لە دەزگاكانی ئەمنی دەكەن".
هەروەها گوتی: "پرسیاری ئەوەمان كردووە ئەگەر ئازادی رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان فەراهەم كراوە بۆچی ژمارەیەكی گۆڤاری لڤین لە پایتەختی هەرێم كۆدەكرێتەوە و هێزەكانی ئەمنی لە بەرامبەردا خەمساردن".
گۆڤاری (لڤین) گۆڤارێكی سەربەخۆی ئەهلییە و مانگانە دوو جار لە شاری سلێمانی بڵاو دەكرێتەوە، تا ئێستا 299 ژمارەی دەرچووە و بابەتەكانی زیاتری بابەتی ڕەخنەییە لە دەسەڵات و حزبەكان لە كوردستان.