ھەولێر
شاندی راسپێردراو مانگی رابردوو چوونە ناوچە کوردییەکانی سوریا تا لێکۆڵینەوە بکەن لەبارەی کوشتوبڕی کوردەکان لەوناوچانە لەلایەن چەکدارانی بەرەی نوسرەوە، لەدوای گەڕانەوەیان راپۆرتی خۆیان داوەتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی راپۆرتی لیژنەکەی ئاشکراکردو رایگەیاند: شاندەکە ھیچ بەڵگەیەکیان دەستنەکەوتووە لەسەر کوشتوبڕی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان.
دەقی لێدوانی چاپەمەنی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان
دوای ئەوەی لە ٨/٨/٢٠١٣ بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە نامەیەک داوای لە کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کرد شاندێک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و لەبارەی ئەو ھەواڵ و دەنگۆیانەی باسیان لە بوونی کۆمەڵکووژیی کورد لە ڕۆژائاوا دەکرد لێکۆڵینەوە بکەن، کۆمیتەی ئامادەکاری شاندێکیان لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی ھەرچوار پارچەی کوردستان پێکھێنا و ڕۆژی ١٩/٨/٢٠١٣ شاندەکە سەردانەکەیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێکرد و ماوەی پێنج ڕۆژ لەوێ ماونەتەوە و سەردانی چەندین ناوچەیان کردووە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ نزیکەی ٤٠٠ کەس لە چینوتوێژە جیاجیاکانی ڕۆژئاوا ئەنجام داوە و دوای گەڕانەوەشیان ڕاپۆرتێکیان لەبارەی ئەو سەردانە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا ئامادە کردووە.
شاندەکە لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئەوەیان ڕوون کردۆتەوە کە ڕێگەیان پێ نەدراوە سەردانی شاری (عامودە) بکەن تا ھۆکار و چۆنیەتیی تەقەکردن لە خۆپێشاندەران و شەھیدکردنی ژمارەکیان ڕوون بێتەوە، ھەروەھا لەتەواوی ئەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ خەڵک و لایەنەکان ئەنجامیان داوە ھیچ بەڵگەیەکیان بۆ ڕوودانی کۆمەڵکوژی دژی کورد دەست نەکەوتووە و ئەوەی ڕووی داوە پێکدادانی نێوان دوو لایەنی چەکدار بووە.
ڕاپۆرتی شاندەکە ئاماژەی بە بوونی کێشە و گرفتی زۆر لە ڕۆژئاوا کردووە، لەوانە نەبوونی ئاسایش و ناسەقامگیری و نەبوونی دەرفەتی کار و نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی و نەبوونی کارەبا کە بۆتەھۆی لەکارکەوتنی بیرەکانی ئاوی خواردنەوە، ھەروەھا تاڵانکردنی چەند نەخۆشخانەیەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە و نەبوونی دەرمان و کادیری پزیشکی، بەجۆرێک ژیانی ھاووڵاتیانی زۆر زەحمەت کردووە و خەڵکەکەی ناچار کردووە ڕووبکەنە ھەرێمی کوردستان و مەترسیی ئەوەی پێشان داوە کە عەرەبی ناوچەکانی دیکەی سوریا بچنە شوێنی ھاووڵاتیانی کورد و ئەوەیش ببێتە ھۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان.
ھەروەھا بەپێی ڕاپۆرتی شاندی لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە کێشە و گرفت لە چەسپاندنی ئاسایش و بەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکان و نادادپەروەری لە دابەشکردنی ھاوکارییە مرۆییەکاندا ھەیە و ئەوەیش لە ئەنجامی خۆسەپاندنی یەک ھێز و پشتگوێ خستنی ڕێککەوتنەکانی پێشووی نێوان لایەنەکانە بەتایبەتی ڕێککەوتنی ھەولێر.
ڕاپۆرتەکە کۆمەڵێک داواکاریی خەڵک ولایەنەکانی ڕۆژئاوای خستۆتەڕوو و داوای ھەماھەنگی دەکات بۆ جێبەجێکردنیان، لەوانە پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ھەولێر و چالاککردنی دەستەی باڵای کوردی، ھەروەھا ھەموو لایەنەکان بەشدارر بن لە بەڕێوەبردن و پاراستنی ڕۆژئاوا، ھەروەھا ڕاگرتنی شەڕ لە ناوچە کوردییەکان و ڕێکخستنی بارزرگانی لەسەر سنوور بەجۆرێک ھەموو لایەنەکان تیایدا بەشدار بن نەک یەک لایەن سەرپەرشتی بکات، ھەروەھا ڕاگرتنی کۆچی کوردی ڕۆژئاوا بۆ ھەرێمی کوردستان و تورکیا، جگە لەحاڵەتی زۆر پێویستی مرۆیی.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا شاندی لێکۆڵینەوە چەند پێشنیارێکیان خستۆتەڕوو، لەوانە دابینکردنی داودەرمان فریاکەوتن بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێکخستنی کاروباری بازرگانیی لە سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوادا بەجۆرێک لەودیوی سنوور لەلایەن یەک لایەنەوە دەستی بەسەردا نەگیرێت.
ئێمە لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان پشتیوانیی ئەو داواکارییانە دەکەین و جەختیش دەکەینەوە کە دەبێ ھەموو جۆرە ھاوکارییەکی مرۆیی بگەیەندرێتە دانیشتوانی ناوچەکە و لەوێش لەلایەن لیژنەیەکی ھاوبەش کە نوێنەری سەرجەم لایەنەکانی تێدا بێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت، جارێکی دیکەیش جەخت لەسەر پێویستیی ھەماھەنگیی و ھاوکاریی لایەنەکان دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کە بۆ نەھێشتنی کێشە و گرفتەکان پێویستە ھەموو لایەنە کوردییەکان لە پاراستن و بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوادا بەشداربن.
بەپێویستیشی دەزانین سپاسی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و شاندی لێکۆڵینەوە بکەین کە لە پێناو دەرخستنی ڕاستییەکاندا ئەرکیان کێشا و سەردانی ڕۆژئاوایان کرد.
د.ئومێد سەباح
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان
٣/٩/٢٠١٣