سلێمانی
لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، خاتو ھێرۆ ئیبراھیم کە ھاوکات ھاوسەری جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی حزبەکە (سەرکۆماری عێراق)ە، دەستکێشانەوەی لە پۆستەکەی وەک بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی رادەگەیەنێ و داوای لێبوردن لە خەڵکی شارەکە و لایەنگرانی یەکێتی دەکا، کە نەیتوانیوە جێی رەزامەندیی "زۆربە"یان بێ.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا وەک بەرپرسی مەڵبەند ھەوڵی داوە چارەسەری کێشەکانی خەڵکی ناوچەکە و راستکردنەوەی "ھەندێ لە ناڕەواییەکان" و میانگیری لەنێوان ھاوولاتیان حکومەت بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان بکا، بەڵام "لە زۆر حاڵەتدا تەنھا بەڵێنمان پێدراو کێشەکان چارەسەر نەکران".
لە بەیاننامەکەدا ھاتووە "بەداخەوە پاش ئەوەی نەمتوانی جێی رەزامەندی زۆربەتان بم، بۆیە بڕیارم دا بگەڕێمەوە مەکتەبی سیاسیو ئەرکی کارکردن لە مەڵبەندی سلێمانی بۆ کەسانی تر جێ بێڵم" ھەروەھا دەڵێ "داوای لێبوردنتان لێ دەکەم وەکو پێویست نەمتوانی خزمەتان بکەمو جێی ھیواتان بم".