Aziz Aslan,Muhammet Ali Kemal
05 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2018
دیاربه‌كر - AA
له ئه‌نجامی كاره‌كانی کنە و پشکنین له قه‌ڵای زه‌رزه‌ڤان سەربە شارۆچكه‌ی چنار لە سنووری پارێزگای دیاربه‌كر، مه‌زارێك و رێڕه‌وێكی په‌ڕینه‌وه‌ی نهێنیی سه‌رده‌می رۆمانییەکان دۆزرانه‌وه كه مێژووه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌زار و 700 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر.
قه‌ڵای زه‌رزه‌ڤان كه 13 كیلۆمەتر له شارۆچكه‌كه‌وه دووره و ده‌كه‌وێته نزیك گه‌ڕه‌كی دهمیرۆلچهك و له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانیدا وه‌ك "ناوچه‌ی سه‌ربازیی" به‌كارهێنراوه، كاره‌كانی کنە و پشکنین تیایدا كه به هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی كولتوور و گه‌شت و گوزاری توركیا له ساڵی 2014دا ده‌ستیپێكردووه، درێژه‌ی هه‌یه.
ئه‌وه‌ی له‌و شوێنه‌واره میژووییدا به‌دیده‌كرێت پاشماوه‌ی دیواری قه‌ڵاكه‌یه كه له‌سه‌ر رووبه‌ری 60 دۆنم زه‌وی دروستكراوه و به‌رزی 12-15 مه‌تره و درێژییه‌كه‌ی 200 مه‌تره، له‌گه‌ڵ تاوه‌ری چاودێری و به‌رگری كه 21 مه‌تر به‌رزه، كڵێسا، بینای به‌ڕێوه‌بردن، شوینی نیشته‌جێبوون، كۆگای چه‌ك، په‌رستگای ژێر زه‌وی، په‌ناگه، مه‌زاری به‌ردین، كه‌ناڵی ئاوی و 54 عه‌مباری ئاو.
قایمقامی قەزای چنار، سه‌لامی كایا كاره‌كانی کنە و پشکنینی شوێنه‌واره مێژووییه‌كه‌ی به‌سه‌ر كرده‌وه و ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه كه ئه‌و كارانه چوار ساڵ پێش ئێستا ده‌ستیان پێكردووه و له ئێستادا گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی گرنگ.
سەلامی كایا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه په‌رستگای میتراییز كه له ئه‌نجامی كاره‌كانی کنە و پشکنین دۆزراوه‌ته‌وه، به هۆی ئه‌وه‌ی دواین په‌رستگای ئیمپراتۆرییەتی رۆمانی خۆرهه‌ڵاته كه له جیهاندا دۆزرابێته‌وه گرنگییه‌كی زۆری پێده‌درێت و گوتی:
"ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران بەتایبەت لە وڵاتانی ئەورووپاوە دێن بۆ بینینی پەرستگای میتراس. لە راستییدا ئێرە شارێکی ئەنتیکییە. لێرە لەژێر زەوی و لەسەر زەویش شارێکی گەورە هەیە. کارەکانی کنە و پشکنین بەهەموو گوڕوتینەوە بەردەوامن. لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا پێکهاتە مێژووییەکان و شوێنەوارەکان دەردەکەون. قەڵای زەرزەڤان، دەبێتە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییە زۆر گرنگەکانی وڵاتەکەمان".
سەرۆکی تیمی کنە و پشکنینی شوێنەوارەکە، دکتۆر ئایتاچ جۆشکون ئاماژەی بەوەکرد ئەمساڵ ٤٥ رۆژ لەمەوبەر دەستیان بە کار کردووە.
ئەو جەختی لەوەکردەوە کە پەرستگاکە لە هەموو دنیادا دەنگی داوەتەوە و گوتی:
"لە کارەکانی ئەمڕۆماندا گۆڕستانێکی بەردینی سەردەمی رۆمانییەکانمان هەڵدایەوە کە تەمەنی نزیکەی هەزار و ٧٠٠ ساڵە. پێمان وابوو کە لە قەڵای زەرزەڤاندا دەبێت گۆڕستانێکی گەورە بوونی هەبێت. هێشتا نەمانتوانیبوو شوێنەکەی دەستنیشان بکەین. ئەمساڵ دۆزینەوەی گرنگمان ئەنجامداوە. لە دەرەوەی دیوارەکان لە دوو شوێن کارەکانی کنە و پشکنین بەڕێوەدەچن. تا ئێستا توانیومانە چوار لە گۆڕستانەکان دەستنیشان بکەین. ژمارەی گۆڕەکان لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا زیاددەکات. گۆڕی تاکە کەسی تایبەت و گۆڕی سێ کەسیی لە شێوەی ژووردا هەن لەنێو گۆڕەکاندا. ئەم کارە ئێمە دەگەیەنێتە دەرەنجامی گرنگ. رەنگە گۆڕستانێکی دیکەی گەورەتر لەژێر زەویدا بوونی هەبێت".