Mazin Majeed Asaad Baqal,Abdullah Shukur
15 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2018
ھەولێر - AA
سەرکونسوڵی تورکیا لە شاری ھەولێر، بە بۆنەی یادکردنەوەی دیموکراسی ١٥ی تەمووز و رۆژی یەکێتیی نەتەوەیی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست.
کۆبوونەوەکە لە ھۆتێلی دیڤانی شاری ھەولێر ئەنجامدرا و تێدا سەرکونسوڵی تورکیا، ھاکان کاراچای لە دووەمین ساڵوەگەری ھەوڵی کودەتا ناپاکەکەی ١٥ی تەمووز زانیاری پێشکەش بە راگەیاندنەکان کرد.
کاراچای ئاماژەی بەوەدا، کە رووداوەکانی شەوی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ بە ھیچ وشەیەک وەسف ناکرێن و گوتیشی: "گەورەترین و خوێناویترین ھێرشی تیرۆریستی بوو کە تورکیا رووبەڕووی بووەوە. ھێرشی ئەو ناپاکانە بوو کە لە دژی دیموکراسی و گەلی تورکیا دزەیان کردبووە نێو سوپا و دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەت ".
کاراچای ئەوەیشی بەبیرھێنایەوە کە ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆی ناپاک، پەرلەمانی تورکیایان بۆردوومان کردووە. گوتیشی: "تانکەکانییان بۆ سەر ھاووڵاتییانی بێ چەک لێخوڕی. بە رێگهی فڕۆکە جەنگییەکان و ھێلیکۆپتەر بۆردوومانییان کرد. بەڵام ھیچ یەک لەمانە ئیرادەی گەلەکەمان و ھاووڵاتییانی نەشکاند".
کاراچای جەختیشی لەوە کردەوە کە گەل نیشانی ئەوەی داوە تەنھا ئەو حکوومەتەی بە رێگەی دیموکراسی ھەڵبژێردراوە دەتوانێت وڵات بەڕێوە ببات و، ئاماژەی بەوەشکرد کە پەیوەستەیی ئەندامانی فەتۆ بە فەرمانی سەردەستەی ئەو رێکخراوە، وایکردووە کە ھێرش بکرێتە سەر ھاووڵاتییانی خۆیان و دامەزراوەکانی حکوومەت.
کاراچای ئاشکراشی کرد کە رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ دزەی کردبووە نێو بوارەکانی پەروەردە، بازرگانی، راگەیاندن، یاسا و سوپا و گشت بوارەکانی دیکە، گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە کاتێک قوتابخانەکانییان بەکاردەھێنا و، ئەندامانی خۆیان تیایدا پێدەگەیاند، پێویستیان بە سەرچاوەی دارایی ھەبوو، بۆ ئەمەش لە رێگەی ئەو پارانەی کە لە ژێر ناوی ھاوکاری لە کۆمپانیاکانی خۆیان کۆیاندەکردەوە، ئەنجامیان دەدا. ھاوکات بۆ ئەوەی ئاراستەی رای گشتی بکەن، دەستیان بەسەر دامەزراوەکانی راگەیاندندا گرتبوو. لە پاڵ ئەمەشدا، ئەو کەسانەی کە ھەر زوو، رووی راستی ئەو رێکخراوەیان بۆ ئاشکرا بوو، ئەوا لەلایەن راگەیاندنەکانی سەر بەو رێکخراوە دەکرانە ئامانج. ئەمانە لەگەڵ بەھێز بوونییان، تێکەڵی کاری نایاسایی گەورەتر بوون. چەندین تاوانی نایاسایی وەک سیپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەی پارەی نەختیان ئەنجامدا. بۆ ئەوەی لە نێوان خۆیان پەیوەندی بە یەکەوە بکەن، پرۆگرامی تایبەتییان بەکاردەھێنا".
سەرکونسوڵی تورکیا لە شاری ھەولێر راشیگەیاند کە، لە ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز، لێکۆڵینەوەی ئیداری و یاسایی بەردەوامە. گوتیشی: "بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەدەست گەیشتووە، دەردەکەوێت کە رووبەڕووی رێکخراوێکی تیرۆریستی بووینەتەوە کە لەسەر سیستەمێکی باوەڕی لە رێگا لادراو پێکھاتووە".