Heman Hussein Yaseen
06 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2024
هەولێر -AA
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، ئانڵ بۆرا ئینان بەیاوەری شاندێک کە پێکهاتبوو لە کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر ئەرمان تۆپچو، سەردانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە پارێزگاری دهۆک عەلی تەتەر، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گۆهدار شێخۆ و بەرپرسانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل و خابوور و بەرپرسانی دیکە ئامادەیبوون، تیشکیان خستە سەر پەیوەندییە بازرگانییەکان لەم سنوورە.
هاوکات پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان، زیادکردنی دەروازەی سنووری لە نێوان هەردوولا بەپێی زیادبوونی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەبوون.
لەبارەی ئامانجی سەردانەکە، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، ئانڵ بۆرا ئینان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هاوکاری و هەماهەنگییەکی باش لە نێوان دەروازەی سنووری خابوور و دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل هەیە، لە هەمانکاتدا بەشەکانی دەروازەکەمان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە گوێمان لە کێشەکانی بەشێک لە بازرگانان گرت و کار لەسەر چارەسەریان دەکەین".
ئینان گوتیشی: "لە هەموو بوارەکاندا هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق دەدەین، ڕەنگە کردنەوەی دەروازە نوێیەکە لە بەرنامەماندا بێت".
لەبارەی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانیشەوە، ئینان گوتی: "رێگای گەشەپێدان پرۆژەیەکە نەک تەنها عێراق بەڵکو سوودی بۆ تەواوی ناوچەکە دەبێت. پرۆژەیەک کە ئومێدێکی نوێ بە هەرێم دەبەخشێت".
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەیەکی ئەمنییدا کە ساڵی ڕابردوو لە ئەنقەرە ئەنجامدرا بوو گوتی: "لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە ئەنقەرە هەبوو لە نێوان تورکیا و عێراق، ئێمە دڵخۆشین بەو پێشکەوتنانەی عێراق بەدەستی هێناوە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی شەڕی دژی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان".