Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
19 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو قەبارەی زەرەر و زیانەکانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی هەولێری خستە روو و رایگەیاند، بۆ رێزگرتن لە قوربانییان و زیانلێکەوتووان، ئاهەنگی سەری ساڵ لە هەولێر بەڕێوەناچێت.
ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لافاوەکەی شەوی ١٧ی مانگ، ١٥ شوێنی گرتەوە لە سەنتەری شار، ناحیە، گوند و قەزاکانی دەورووبەر، بەهۆی لافاوەکەوە ١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٠ کەسیان تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە و گەیشتوونەتە پزیشکی دادیی و رادەستی خانەواندەکانیان کراوە کە بریتیبوون لە؛ سێ هاووڵاتی ناوخۆ، کوردێکی ئێزدی، سێ هاووڵاتی عەرەب، تورکێک و دوو نیپاڵی و هێشتا دوو هاووڵاتی بێ سەروشوێنن و بەشوێن تەرمەکانیاندا دەگەڕێین کە ئەوانیش شوانێکە، بەناوی ئومێد شامل و منداڵێکە، بەناوی دانەر نەبەز".
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو دەربارەی زەرەر و زیانەکان کە بەر ماڵ و شوێنە گشتییەکان کەوتووە رایگەیاند "بەهۆی لافاوەکەوە، دوو هەزار و ٥٠٩ خێزان کەلوپەلی ناوماڵیان لەدەستداوە بەهۆی چوونە ژوورەوەی ئاو بۆ ناو ماڵەکانیان، ٤٠٢ خانوو زیانمەندبوون کە دیوارەکانیان رووخاوە و دەرگا و پەنجەرەکانیان تێکشکاوە و زیانی زۆر بە خانووەکانیان گەیشتووە، ٨٦٧ ئۆتۆمبێل زیانی بەرکەوتووە کە لەنێویاندا ژمارەیەکیان ئۆتۆمبێلی حکومین کە تیمەکان بۆ بەهانەوەچوونی خەڵک چوون و ئۆتۆمبیلەکانیان کەوتووەتە ژێرئاو، ١٥٣ فرۆشگا، مارکێت، کارگە، پێشانگای ئۆتۆمبێل و پارکینگ زیانیان بەرکەوتووە و رووبەرێکی بەرفراوانی زەوی کشتوکاڵی زیانی بەرکەوتووە، هەروەها ژمارەیەکی زۆری مەڕوماڵات لەناوچوون".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "ئەو زیانانەش کە بەر کەرتی گشتیی و حکومیی کەوتووە، ژمارەیەکی زۆر شەقامی گشتیی و تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و وێستگەی کارەبا و پرد و قوتابخانە و بینای حکومی زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، هەردوو بەنداوی بچووکی بێستانە و کەردز زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و مەترسییان لەسەر هەیە و ئێستا تیمەکانمان سەرقاڵی کارکردنن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و چاککردنەوەیان".
پارێزگاری هەولێر دەربارەی خەمڵاندنی زیانەکانیش رایگەیاند "بەکۆی گشتی ئەو پارەیەی کە خەمڵێندراوە بەتەواوی زەرەر و زیانەکان، ٢٠ تاوەکو ٢١ ملیار دینار دەبێت".
بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بڕیار لە دروستکردنی لیژنەیەک درا بۆ دەرخستنی هۆکارەکانی دروستبوون و دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەولێر، پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو دەربارەی لیژنەکە گوتی: "ئەو لیژنەیە کە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی پێکهات سەردانی دیوانی پارێزگایان کرد و لەدوێنێوە دەستبەکاربوون بۆ دەرخستنی راستییەکان و دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و چارەسەر و پێشنیازەکانی چارەسەر، ئێستا لیژنەکە مەیدانی لەو شوێنانەن کە تێیدا دەیانەوێت دەستنیشانی کەموکوڕییەکان بکەن".
پارێزگاری هەولێر داوایەکی ئاراستەی حکوومەتی عێراق کرد و گوتی: "بەناوی پارێزگای هەولێر داوا لە حکوومەتی عێراقی دەکەین لە بوودجەی فریاکەوتن پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان و هەولێر بکرێت، چونکە زیانەکانمان زۆر زۆرە و مافێکی دەستووریی و یاسایی خۆمانە، داواکارین لە حکوومەتی عێراقی و سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکارمان بن بۆئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە هاوکاری ئەو خەڵکە بکرێت".
ئومێد خۆشناو دەربارەی ئاهەنگەکانی سەری ساڵیش لە هەولێر رایگەیاند "لێرەوە رایدەگەیەنین؛ بۆ رێزگرتن لە گیانی قوربانییانمان و بۆ رێزگرتن لەو خانەوادانەی کە زەرەرمەند بوون و زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها بۆ رێزگرتن لە روحی شەهیدانیشمان کە چەند رۆژێک پێش ئێستا ژمارەیەک پێشمەرگە و هاووڵاتی شەهیدبوون، ئەمساڵ بۆ سەری ساڵ وەک پارێزگای هەولێر هیچ بۆنەیەکی فەرمیمان نییە و هیچ بۆنەیەکی فەرمیش ئەنجام نادەین".