Ozhin Jola
08 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە كەركووك راگەیاند لەئێستادا ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە هێزەكانی سوپا، پۆلیسی فیدرال و حەشدی شەعبی بۆسەر تیرۆریستانی داعش لە سنووری باشووری كەركووك دەستیان پێ كردووە، بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەیش داوە، ئەو ئۆپەراسیۆنەی هێزەكانی عێراق كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بۆسەر تیرۆریستانی داعش لە سنووری باشووری كەركووك ئەنجام دەدرێت، بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.

پێشتر سوپای عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی باشووری پارێزگای كەركووك ئەنجامی دەدەن، 50 مووشەك، 300 گولـلە تۆپ و سێ حەشارگەیان دۆزیوەتەوە.
لە لایەكی دیكەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول رایگەیاند كە لە ئاكامی كردەیەكی خۆكوژی لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك، دوو پۆلیسی فیدرال برینداربوون.
لیوا یەحیا رەسول لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە تیرۆریستێكی خۆكوژ دوای گەمارۆدانی لە دۆڵی ئەبو شحە سەربە ناحیەی رەشاد باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، خۆی تەقاندووتەوە.
راشیگەیاندووە كە لە ئاكامی كردە خۆكوژییەكەدا، دوو پۆلیسی فیدرال برینداربوون.