Sarmand Hameed
29 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2023
هەولێر - AA
فەرماندەیی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە دژی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دەوروبەری قەزای دووبز سەربە پارێزگای کەرکووک، راگەیاند.
جێگری فەرماندەیی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان، ئەبو سائیر بەشیری بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دەوروبەری قەزای دووبز دەستی پێکردووە.
ئەبو سائیر بەشیری راشیگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداریی یەکەکانی لیوی ٣٢ سەربە فیرقەی هەشتی سوپای عێراق و لیوای ١٦ی حەشدی شەعبی لەژێر چاودێری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەڕێوەدەچێت.
جێگری فەرماندەیی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی ئاماژە بەوەشکردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە هەڵمەتی گەڕان وپشکنینی ئەو دۆڵ و کێوانە دەگرێتەوە کە داعش وەک مۆڵگە بەکاریان دەهێنێت، ئەمەش بەهۆی سەختی ئەو ناوچانەوەیە و جەختی لەوەشکردووە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بەردەوام دەبێت تا ئامانجەکەی بەدیدەهێنێت و کۆتایی بەبوونی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەو ناوچەیە دەهێندرێت.