Zana Natık Kerem
11 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2022
ھەولێر ــ AA
رۆژی یەکی نیسانی رابردوو، سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ماوەی ٤٠ رۆژی وەک وادە دیاریی کرد بە لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی تا حکوومەتی نوێ پێکبهێنن، بەڵام تا ئێستا بەھۆی بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانی نێوان ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان و چوارچێوەی ھەماھەنگیی نەتوانراوە، حکوومەتی نوێ پێکبھێندرێت.
ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان ھەریەک لە رەوتی سەدر، ھاوپەیمانی سەروەریی و پارتی دیموکراتی کوردستان لەخۆدەگرێت.
چوارچێوەی ھەماھەنگیی لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە پێکهاتووە.
بەپێی عورفی سیاسیی کە لە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە عێراقدا پەیڕەودەکرێت، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.
لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھانی موقتەدا سەدر دەدەن رازی بێت بە بەشداریکردنی رەوتەکەی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو لەسەر بنەمای تەوافوق بە بەشداریی سەرجەم لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنەکان کە لە رابردوودا بەناوی "پشک پشکێنە" لە عێراقدا پەیڕەو کراوە، بەڵام موقتەدا سەدر ئەوە رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی سەردەمی حکوومەتی پشکپشکێنە بەسەرچووە و داوا دەکات ئەمجارە حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی پێکھێندرێت.
بەھۆی بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانی نێوان ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان و چوارچێوەی ھەماھەنگیی، عێراق بەرەوڕووی قەیرانێکی سیاسیی بووەتەوە کە تا ئێستا نەتوانراوە چارەسەر بکرێت.
تا ئێستا چەندین دەستپێشخەری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی، پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرکۆمار و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ پێشکەش کراون، بەڵام ھیچکام لەو دەستپێشخەرییانە ئەنجامیان نەبووە.
ھاوکات ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان کە لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، خاوەن ١٧٥ کورسییە لە رێگای پەرلەمانتارە سەربەخۆکانەوە، ٢٢٠ ئەندام بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ بکاتەوە کە ئەوەیش بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە.
لە بەرامبەردا ھەریەک لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی ھاوسەرۆک، بافڵ جەلال تاڵەبانی ١٨ کورسی، ھاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی ھادی عامری ١٧ کورسی و ھاوپەیمانی عەقدی نیشتمانیی بەسەرۆکایەتی فالح فەیاز چوار کورسی، ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت چوار کورسییان بەدەستھێناوە، ھەروەھا بەرەی کلدانییەکان چوار کورسی، تەسمیم چوار کورسی کە کۆی گشتییان دەکاتە ٨٥، کورسی، سەرجەمیان ھاوبۆچوونن لەبەرامبەر ھاوپەیمانی "رزگارکردنی نیشتمان".
چاودێرانی سیاسیی لە عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە دادگای باڵای فیدراڵیی لە عێراق ھۆکارێک بووە لە بنبەستە سیاسییەکەی کە تووشی عێراق بووە، ئەوەیش بەھۆی ئەو بڕیارەی کە داوا دەکات لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٢٢٠یان بۆ دانیشتنی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئامادەبن.
چاودێران پێیان وایە تاکە رێگا بۆ چارەسەرکردنی چەقبەستووە سیاسییەکەی ئێستای عێراق، ئەوەیە دەبێت دادگای باڵای فیدراڵیی ئەو بڕیارەی ھەموار بکرێتەوە و داوا بکات یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار نوێ ئامادە بن.
- تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی پەرلەمانتارە سەربەخۆکانە
رۆژی پێنجی ئەم مانگە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر دەستپێشخەرییەکی پێشکەش بە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان کردبوو و تیایدا داوای لێکردبوون کە لە ماوەی ١٥ رۆژدا حکوومەت پێکبھێنن.
لەبەرامبەردا چوارچێوەی ھەماھەنگی، دەستپێشخەریێکی ١٨ خاڵی بۆ چارەسەرکردنی چەقبەستووی سیاسیی ئێستا و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ راگەیاندووە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر ٤٦ پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی دەستپێشخەرییەکانی موقتەدا سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوونەتەوە، بەڵام ھیچ زانیارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاونەکراوەتەوە.
رۆژی نۆی ئەم مانگە سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی سەدر، حەسەن عەزاری لە تویتێکدا رایگەیاند کە دەرفەتێکی زێڕینیان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بە سەربەخۆکان داوە.
ھاوکات لە ١٥ی ئەم مانگە ئەو وادە ١٥رۆژییەی کە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر وەک وادە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان داوە کۆتایی دێت.