Zana Natık Kerem
25 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق، ناسنامەی ئەو دوو خۆکوژەی ئاشکراکرد کە پێنجشەممەی رابردوو لە ناوەڕاستی بەغدا خۆیان تەقاندەوە، بڵاویشیکردەوە ھەردوو خۆکوژەکە ھەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بوون.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، بەپێی ئەوە زانیارییانەی کە دەستی ھێزە ئەمنییەکان کەوتوون، دەرکەوتووە ئەو دوو خۆکوژەی کە پێنجشەممەی رابردوو لە گۆڕەپانی تەیەران ناوەڕاستی بەغدا خۆیان تەقاندەوە، ھەڵگری رەگەزنانەی عێراقی بوون و گوتی:
"پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی خۆکوژێکی سعوودی بڵاوکرابوویەوە کە گوایە یەکێک لە خۆکوژەکانی گۆڕەپانی تەیەران، بەڵام ئەوە ھیچ راست نییە، چونکە ئەو خۆکوژە پێشتر لە سعوودیە خۆی تەقاندووەتەوە".
لیوا یەحیا رەسول باسی لەوەشکرد کە ھێزە ئەمنییەکان لەبارەی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کردەی تیرۆریستی لە ژمارەیەک ناوچەی بەغدا، زانیارییان بەدەست گەیشتبوو، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەوە بخاتەڕوو.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دوو تەقینەوەی خۆکوژی لە گۆڕەپانی تەیەران-ی بەغدا روویاندا و لە ئاکامدا، ٣٢ کەس کوژران و ١١٠ کەسی دیکەیش برینداربوون.
رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان راگەیاند.