Zana Natık Kerem
24 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، فەرمانی بانگھێشتکردن بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ ئەندامێکی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرکراوە، بەتۆمەتی ئەوەی کە زیانی بە ماڵ و دارایی پاسەوانەکانی گەیاندووە.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان سەربە دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاوی کردەوە کە دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا تایبەت بە پرسەکانی دەستپاکی، فەرمانی بانگھێشتکردنی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ ئەندامێکی پێشووتری نەینەوا (بێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات) دەرکردووە، ئەوەیش بەتۆمەتی ئەوەی مووچەی مانگانەی دوو پاسەوانی خۆی وەرگرتووە لە کاتێکدا، پاسەوانەکان لە کاتی داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، بێ سەروشوێن بوون.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە دادگاکە بەپێی ماددەی (٣٤٠) لە یاسای سزاکانی عێراق، فەرمانەکەی دەرکردووە.
بەپێی ماددەی (٣٤٠) لە یاسای سزاکانی عێراق، ھەر بەرپرس و فەرمانبەریەک کە لە کەرتی گشتییدا خزمەت دەکات، ئەگەر بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندیی ئەو شوێنەی کە تیایدا خزمەت دەکات بگەیەنێت، ئەوا بە زیندانیکردن سزادەدرێت کە ماوەیەکەی لە حەوت ساڵ زیاتر نابێت.