Heman Hussein Yaseen
07 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2022
هەولێر - AA هێمن حوسێن
رۆژی ١٥ی شوباتی رابردوو دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە بارەی فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیاری دا کە نادەستوورییە و پێویستە حکوومەتی ھەرێم پابەندی رێککەوتنەکان بێت و داھاتەکان رادەستی حکوومەتی فیدراڵیی بکات، ھاوکات داوایشی لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیی کرد کە چاودێری سەرجەم گرێبەست و وردەکارییەکانی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بن، ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان دروست کرد.
ئابووریناسێک پێیوایە ئەم بڕیارە فشارێکی ئابووری دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان و جەختیش لەوە دەکاتەوە کەوا حکوومەتی عێراق دەتوانێت ئەو کۆمپانیایانەی مامەڵەی فرۆشتنی نەوتیان لەگەڵ هەرێمی کودستان هەیە، بخاتە لیستی رەشەوە، هاوکات خاوەنی کۆمپانیایەکی عەقارات ئەوە دەخاتەڕوو کە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەوا خستنەڕوو زۆرە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک بە نرخێکی هەرزان موڵکەکەی دەفرۆشێت و پێشبینی دەکات کە ئەم بڕیارە کاریگەری سەدا ٤٠ لە سێکتەری خانووبەرە بکات.
ئابووریناس، دکتۆر هەرێم رێبوار لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەرچوونی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە دۆخی ئابووری عێراق و ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت، پێموایە ئەم بڕیارانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم جیاوازییە سیاسییانەی لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە دروست بوو، واتا رەهەندێکی سیاسیی و رەهەندێکی ئابووریی هەیە، رەهەندە سیاسییەکە پەیوەندی بە ناکۆکی و ناتەبایی پارتە سیاسییەکانی عێراق و هەژموونی هەندێک هێزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی هەیە لەسەر بارودۆخەکە".
دکتۆر هەرێم رێبوار دەشڵێت "سەبارەت بە دۆخی ئابوورییش، ئێمە هەرێمێکین لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا، بۆیە هەر بڕیارێک بدات ئەوا شێوەیەکی ئیلزامیی وەردەگرێت لەسەر هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە فشارێکی ئابووری دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کۆمپانیایانەی تا ئێستا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن لەبواری نەوت و گازدا، ئەوا حکوومەتی عێراقی دەتوانێت بیانخاتە لیستی رەش و نەهێڵێت جارێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن، هەر بۆیە رەنگە لە داهاتوودا تووشی ئەو گرفتە ببینەوە کە ئەگەر نەوتیشمان هەبێت، ئەوا بەشێوەیەکی یاسایی بە چ کۆمپانیایەکی بفرۆشین، چونکە ئەوکاتە دەسەڵاتەکە دەچێتەوە ناوەند و دەبێت ئەوان بڕیار بدەن کە ئێمە لەگەڵ چ کۆمپانیایەک مامەڵە بکەین، بۆیە لە رووی دەرهێنان و هەناردەکردنەوە کە پێشتر پشتمان پێی دەبەست، رەنگە لە داهاتوودا تووشی گرفت ببینەوە".
لەبارەی کاریگەرییەکانی بڕیارەکە لەسەر دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان و بازرگاکان، دکتۆر هەرێم رێبوار گوتی: "بێگومان نا دڵنیایی و نائارامیی دروست دەکات، وەبەرهێنەر حاڵەتی نا دڵنیایی پێ خۆش نییە و ئەگەر سەیر بکەین لە رابردوودا بەهۆی ئەم بڕیارەوە بووەتە هۆی هەرزانبوونی خانووبەرە و نرخی دۆلار، ئەوەی ئێمە هەمانە داهاتی سەدا ٩٠ی هەموو عێراق پشتی بە نەوت بەستووە، ئەم داهاتە دەبێتە کێشە لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەند، چونکە ئێمە دەزانین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمیی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی هەیە بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان، ئایا چارەنووسی ئەم گرێبەستە چی بەسەر دێتەوە؟".
ئەو گوتیشی: "دادگای باڵای فیدراڵیی وایکرد کە ئێمە تووشی گرفت ببینەوە دەنا ئێستا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، بەڵام ئایا لە فرۆشتندا دووچاری کێشە دەبینەوە یان نا، چونکە وەک دەزانین لەبابەتی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، ئەگەر ئەو سزایانەی سەر رووسیا جێبەجێ بکرێت و لە سیستەمی سوێفت (ئەو سیستەمەیە کە بە شێوەیەکی زۆر خێرا و بەبێ ئەوەی ھیچ سنوورێکی ھەبێت، ئاڵوگۆڕی پارە لەنێوان ئەو وڵاتانەدا دەکات کە تێیدا ئەندامن)، بهێندرێتە دەرەوە، ئەو کاتە رووسیا ناتوانێت نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات، سەدا نۆی بازاڕەکانی جیهانیش تا ئێستا رووسیا نەوتەکەی دابین دەکات و لە حاڵەتی دەرکردنی رووسیا لە سیستەمی سوێفت، پێشبینی دەکەین نرخی نەوت زۆر بەرزبێتەوە".
دکتۆر هەرێم رێبوار پێیوایە کە دوای ئەو بڕیارە، مەترسی خرانە نێو لسیتی رەش لەسەر هەر کۆمپانیایەک هەیە کە لەم بوارەدا کار دەکات و لەمبارەیەوە گوتی: "جگە لە رەهەندی ئابووریی، بڕیارەکە رەهەندێکی سیاسییشی هەیە، پێویستە حکوومەتی هەرێم دەست بە گفتوگۆ بکات لەگەڵ حکوومەتی ناوەند، چونکە ناتوانین نەوتەکە بەشێوەیەکی نایاسایی بفرۆشین، ئایا چ کۆمپانیایەک ئەو مامەڵەیە دەکات کە ئەگەری ئەوەی هەیە ئەو کۆمپانیایە بخرێتە لیستی رەشەوە، بۆیە پێموایە چارەسەری ئەو کێشەیە لە بەغدایە".
هاوکات بڕیارەکە کاریگەریی راستەوخۆی کردووەتە سەر سێکتەری خانووبەرە، بەڕێوەبەرێکی کۆمپانیایەکی خانووبەرەش رایدەگەیەنێت کە ئەم بڕیارە بووەتە هۆی جوڵەی بازاڕ و پێشبینیش دەکات لە چەند مانگی داهاتوودا ئەم بڕیارە کاریگەریی سەدا ٤٠ی لەسەر کەرتی خانووبەرە دروست بکات.
لەبارەی کاریگەری بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی لەسەر کەرتی خانووبەرە، خاوەنی کۆمپانیای ئەملاک، سەردار ئازاد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێش دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی، ئۆفیسەکەی ئێمە رۆژانە نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ کەسی لێ بوو، بەڵام لەدوای ئەم بڕیارە رۆژانە یەک کەس یان دوو کەس سەردانمان دەکات، تەنها بۆ وەگرتنی زانیاری دێن، بۆ ئەوەی بزانێت بارودۆخەکە چۆنە، لەوەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بارودۆخەکە زۆر خراپ بووە، خەڵک ترسی لێ نیشتووە کە ئەم بڕیارە دووبارە کوردستان بگەڕێنێتەوە ئەو کاتەی کە دۆخی بازاڕ زۆر خراپ بوو".
سەردار ئازاد گوتیشی: "شتێکی دیکە هەیە کە یەکەمجارە لە عێراق روودەدات، ئەویش پێشتر کاتێک بازاڕ دەوەستا، خەڵک ئارامی دەگرت کە دۆخەکە باش بێت ئینجا شتی دەخستە بازاڕ، بەڵام ئێستا بازاڕ وەستاوە خەڵک زۆر هاتووە و خانوو و شوققەی هەیە و دەڵێت بە یەک دەفتەر کەمتر دەیفرۆشم، یەکەمجارە لە سێکتەری عەقارات ئەم حاڵەتە روودەدات، ئەمەش شتێکی باش نییە بۆیە پێشبینی دەکەین ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئەوا نرخی موڵک بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت".
خاوەنی ئەو کۆمپانیای عەقاراتە پێشبینی ئەوەیش دەکات کە ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت ئەوا سێکتەری خانووبەرە بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و لەمبارەیەوە دەڵێت "لە ئێستادا خستنەڕوو زۆرە لەگەڵ ئەوەش خەڵک بە نرخی هەرزان موڵەکەکەی دەفرۆشێت، پێشتر خەڵک ئارامی دەگرت مانگێک و دواتر دەیفرۆشت، بەڵام ئەمجارە وانییە، پێشبینی دەکەین ئەگەر ئەم بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت، ئەوا کەرتی عەقارات لە سەدا ٣٠ بۆ ٤٠ دادەبەزێت".
رۆژی ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدراڵی عێرا بڕیاری دا کە یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان نا دەستوورییە و پێویستە ھەڵبوەشێندرێتەوە، چونکە بڕیاری دەرھێنان و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی ماددەکانی ١١٠، ١١١، ١١٢، ١١٥، ١٢١ و ١٣٠ی دەستوورە، ھەروەھا حکوومەتی عێراقیش، وەزارەتی نەوت و دیوانی چاودێری دارایی عێراقی پابەند کرد کە چاودێری تەواوی گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت و گاز بکەن.
بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە رادەستکردنی تەواوی داھاتەکانی نەوت بە بەغدا، ھاوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە ھەموو خەرجییەکانی دانیشتنی دادگاییکردنەکەی رۆژی ١٥ی شوبات لە ئەستۆ بگرێت.
ھەروەھا جەخت لەوەکراوەتەوە کە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی بڕگەکانی بڕیارەکە جێبەجێ بکات، ھەرسێ لایەنی حکوومەتی عێراق، وەزارەتی نەوتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندکراون بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان.