Zana Natık Kerem
02 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند، ھەڵبژاردنی داھاتوو مێژوییە و پێویستە رۆڵی ژن لە رووی سیاسی و ھەڵبژاردنەوە بەھێز بکرێت بەو پێیەی کۆڵهکەیەکی بنەڕەتییە لە گەشەپێدان و ئابووریی وڵات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەمڕۆ شەممە بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی لە ژمارەیەک ژنانی چالاکوان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کردووه و لە بارەی ھەڵبژاردنەکان و پێویستی ھەڵبژاردنی بەرفراوانی خەڵک بە تایبەتی ژنان گفتوگۆکراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق رایگەیاندووە، ئەو ھەڵبژاردنەی کە بڕیارە دوای چەند رۆژێکی تر ئەنجام بدرێت، رووداوێکی مێژوویی و وێستگەیەکی گرنگە بۆ وڵات، بۆیە پێویستە ببێتە ئامرازێک رووەو گۆڕانکاریی ریشەیی و ھێنانەدی چاکسازی بنەڕەتی و چەسپاندنی دادپەروەری و ھێنانەئاراوەی حکومڕانی باش و ژیانێکی خۆشگوزەرانی شکۆمەندانە بۆ ھەموو ھاووڵاتییانی عێراق.
باس لەوەشکراوە کە ھەر لە دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح رایگەیاندووە، بەھێزکردنی پێگەی ژنان لە ھەڵبژاردنەکاندا خاڵێکی گرنگ و جەوھەرییە، ھاوکات ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەی دەنگدەران لە ژنان نیوەی دەنگدەران پێک دەھێنێت لە کۆی گشت دەنگدەران، ھەروەھا ژنانی کاندیدکراوە بۆ ئەم ھەڵبژاردنە بریتیە لە ٣٠ لەسەدای کاندیدان بەبێ کۆتا، کە ئەمەش ئاماژەیەکی گرنگە لەسەر سوربوونی ژنان بۆ بەشداری کارایان لە ھەڵبژاردنەکان، جەختیشی کردووەتەوە لە پێویستی فەراھەمکردنی دەرفەتی بەشدارییەکی ئازاد لە ھەڵبژاردنەکان بەرەو بژاردەیەکی باشتر.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ھەر لە میانی دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوەی شداوە کە سیستمی ھەڵبژاردنی ئێستا رێگە دەدات بە ژنان کە ئامادەیی باشتریان ھەبێت لە دامەزراوەکانی یاسادانان لە رێگەی کۆتاوە، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ چاوەڕوانی و پێشبینیەکانماندا نایەتەوە بۆ بەشدارییەکی فراوانتر، ھەروەھا راشیگەیاندووە یاساکە پێشکەوتووە بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی دیکە، بۆیە ھیوادارین کە لە خولەکانی ھەڵبژاردنی داھاتوودا زیاتر بەرەو پێشتر ببرێت.
بەرھەم ساڵح ھەروەھا دووپاتیکردووەتەوە کە دۆسێی ژنان لە کۆمەڵگەدا پێویستە و پەیوەندیدارە بە گەشەپێدان، ئابووریی و ئارامی کۆمەڵایەتی، بۆیە بە بێ بەھێزکردنی رۆڵی ژنان نە ئابووری و نە پێشکەوتنیش بەدیدێت.
لە کۆتاییدا سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوەداوە کە بە ئامانجگرتن و رێگریکردن لە کاندیدانی ژنان جێگەی نیگەرانی و ئازار بەخش و نە خوازراوە، پێویستە کار بکرێت بۆ رێگریکردن لە دووبارە بونەوەی ئەو جۆرە کارانە.