Heman Hussein Yaseen
23 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2021
هەولێر - AA
بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە تاوەکو رۆژی دووشەممە، دووەم رۆژی نەورۆز نزیکەی ٤٠ ھەزار گەشتیار روویان پارێزگای ھەولێر کردووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری ھەولێر، نەریمان فازڵ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە تا دوێنێ دووشەممە، واتا تا دووەم رۆژی نەورۆز، ٣٩ ھەزار گەشتیار روویان لە ھەولێر کردووە و، لە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکانیش ئامادەکاری تەواوکراوە بۆ پێشوازییکردن لە گەشتیاران.
نەریمان فازڵ ئاماژەی بەوەشکرد کە بەھۆی وەرزی بەھار و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە سەیرانگاکانی ھەولێر، پێشبینی دەکەن رێژەی گەشتیاران بەرزبێتەوە.
ساڵانە لە ٢١ی ئاداردا، لەگەڵ ھاتنی یەکەم رۆژی وەرزی بەھار و تەواوبوونی سەرما و سۆڵەی زستان، میللەتی کورد و ژمارەیەک لە گەلانی دیکە وەکو بۆنەیەک بۆ نەمانی زوڵم و ستەم یادی جەژنی نەورۆز دەکەنەوە و، خەڵک دەستە دەستە بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی دەچنە دەشت و دەر و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن.
لە ھەرێمی کوردستانیش بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، ماوەی یەک ھەفتە پشووی فەرمیی راگەیاندرا و، جگە لە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، چەندین خەڵکی بیانی و گەشتیاریش بەشدارییان لە بۆنەکانی جەژنی نەورۆز کرد و، پێشبینیش دەکرێت لەمیانی وەرزی بەھاردا، رێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان بەرزبێتەوە.