Zana Natık Kerem
03 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆیدا دەنگی لەسەر رەشنووسی بڕیارێك دا كە حكوومەت ناچار دەكات لە میانی ئەم مانگەدا، یاسای بوودجەی گشتیی ساڵی 2020 رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكات.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگ لەسەر رەشنووسی بڕیارێك درا كە حكوومەت ناچار دەكات بە خێرایی لە میانی ئەم مانگەدا، یاسای بوودجەی گشتیی ساڵی 2020 رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكات.
ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی و بە ئامادەبوونی 184 ئەندام بەڕێوەچوو.
لە میانی دانیشتنەكەدا، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی داوای لە ئەمنیدارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران كرد كە یاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵی 2020 رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكات.
چاوەڕوان دەكرێت، بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، رووبەڕووی كورتهێنان ببێتەوە.
ئەوەیش لە كاتێكدا بوودجەی گشتیی عێراق بەڕێژەی 95 لەسەدا پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.
پێشتر لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو كە گفتوگۆكردن لەسەر بوودجەی گشتیی ساڵی 2020 و پەسەندكردنی، سێ هەفتەی پێویستە.