Zana Natık Kerem
15 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە بەئامانجی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، ٤٢٠ پاسپۆرتی تێپەڕبوونی دیکەی بەخشیوە بەو کۆچبەرانەی کە لە سنووری بێلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا گیریان خواردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە چوارچێوەی ھەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران لە رێگای باڵیۆزخانەکانی عێراق لە مۆسکۆ و وارشۆ، ٤٢٠ پاسپۆرتی تێپەڕبوونی دیکەیان بەخشیووە بەو کۆچبەرانەی کە پاسپۆرتەکانیان ون کردووە و لە سنووری بیلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا گیریان خواردووە.
ئەحمەد سەحاف راشیگەیاندووە کە بە ئامانجی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، ئەو ٤٢٠ پاسپۆرتەی تێپەڕبوونیان، بەخشیووە بە کۆچبەران.
پێشتر وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق رایگەیاندوو کە ھێشتا چوار هەزار کۆچبەر لە سنووری بێلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا گیریان خواردووە.
رۆژی ١٢ی ئەم مانگە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندبوو، تا ئێستا نۆ گەشتی ئاسمانیی بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران لە فڕۆکەخانەی منیسک بۆ فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و بەغدا ئەنجامدراوە و ئاماژەی بەوەیشدابوو کە بە گشتی لە میانی ئەنجامدانی ھەر نۆ گەشتەکەدا، سێ ھەزار و ٥٥٦ کۆچبەر لە بێلاڕووسەوە بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە.
گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران لە ١٨ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، دەستی پێ کردووە.