Heman Hussein Yaseen
25 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2024
هەولێر - AA
خانەی منداڵانی ساوا تایبەتە بەو منداڵانەی تەمەنییان لە سفر بۆ چوار ساڵە و ئەم خانەیە لە ژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمە کە لەلایەن خێرخوازێکی شاری هەولێر دروستکراوە و کەلوپەل و پێداویستییەکانیش لەلایەن مانگی سووری تورکی دابین کراوە.
بیرۆکەی خانەکە لەلایەن لقی هەولێری مانگی سووری عێراقییەوە پێشکەشکراوە و، خانەکە لەلایەن بنەماڵەی خێرخواز حاجی فەیزوڵڵا محەمەد بە بڕی ١٢٠ هەزار دۆلار دروستکراوە و مانگی سووری تورکی ئەرکی دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی بە بڕی ٣٠ هەزار دۆلار لە ئەستۆ گرتووە، شوێنی ٣٥ منداڵ دەبێتەوە و، لە ئەمڕۆوە دەکەوێتە خزمەت منداڵانی بێ سەرپەرشت.

لە ڕێوڕەسمێکدا بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سەربە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، یوسف چاوشین گوتی: "ئەم خانەیە تایبەتە بە مندڵانی تەمەن سفر بۆ چوار ساڵی کە بەداخەوە ئەو منداڵانەی بە ھۆکارێک دایک و باوکی خۆیان لەدەستداوە، ئەرکی سەرپەرشتی ئەو منداڵانە لە ئەستۆی ئێمەدایە وەکو حکوومەت، بۆیەش کردنەوەی ئەم خانەیە زۆر گرنگە و لەمەودوا منداڵانی تەمەن سفر بۆ چوار ساڵ لە پارێزگای ھەولێر دەبنە خاوەن ماڵی تایبەتی خۆیان و ستافی تایبەتمان ھەیە بۆیان، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەم منداڵانە لە ژینگەیەکی ئارامدا بژین و بەشێوەیەکی سرووشتی گەشە بکەن".
یوسف چاوشین گوتیشی: "ئێمە پێمانوابوو منداڵی تازە لەدایکبوو تا تەمەنی چوار ساڵی لەڕووی ئەقڵ و جەستییەوە جیاوازە بۆیەش دەبێت خانەی تایبەت بەخۆیانیان ھەبێت، ھۆکارێکی دیکە کە ئێمەی ھاندا بۆ ئەوەی ئەم خانەیە بکەینەوە، پەسەندکردنی خێزانی جێگرەوە بوو لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمەوە، ئەوکات بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ھۆبەی خێزانی جێگرەوەمان دامەزراند، تاکە بەربەستێک لەبەردەم ئەم سیستەمە نەبوونی خانەیەکی تایبەت بوو کە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ ئەم خانەیە دەکەینەو".
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، پارێزگای هەولێر ئومێد خۆشناو گوتەیەکی پێشکەشکرد و تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی خێرخوازان و مانگی سووری تورکی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئومید خۆشناو گوتی: "لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو کۆمەڵێک گرفت ھەبوو کە ڕووبەڕووی ئەو منداڵانە دەبووەوە (منداڵانی تازە لە دایک بوو تا تەمەنی چوار ساڵی) کردنەوەی ئەم خانەیە دەکەوێتە خزمەتی ئەو ئازیزانە و ھیوادارین کە ھیچ منداڵێک پێویستی بەم شوێنە نەبێت، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زۆر بابەتی دیکەی مرۆیی هەبوون،لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەوانیش تەواو دەبن".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "لەماوەی چەند ڕۆژی داھاتوودا یەکێک لە خانەی بەساڵاچووان لە ھەولێر دەکرێتەوە کە زۆر تایبەتە و بە کوالێتییەکی بەرز دروستکراوە، هاوکات لە شەقامی ١٢٠ مەتری شاری هەولێریش پڕۆژەیەکی دیکە لە واری جێبەجێکردندایە کە منداڵی تازە لەدایکبوو لە خۆ دەگرێت تا زانکۆش تەواو دەکات".
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەرێم، مەولود یاقوت گوتی: "زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرەم و مانگی سووری تورکی ھەڵساون بە بەشداریکردنییان لە دروستکردنی ئەم باڵەخانەیە، ئەمە ئەزموونێکی زۆر گرنگە کە لێرەم لەگەڵ منداڵە چاوگەشەکان، وەکو کۆنسوڵخانەی تورکیا شانازی دەکەین کە مانگی سووری تورکی توانی ئەم پڕۆژەیە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدات و ھەمیشە گرنگیدانمان بە بابەتی مرۆیی دووپات دەکەینەوە، ئەو پڕۆژانە نموونەیەکە، سوپاسی ھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لەم پڕۆژەیەدا ماندووبوون، مانگی سووری تورکی دامەزراوەیەکە کە لە وڵاتانی دونیا یارمەتی پێشکەش دەکات، هاوکات حکوومەتی ھەرێمیش تا ئێستا توانیوویەتی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو یارمەتییەکانی بۆ ھەموو ئەوانەی بە ھەر شێوازێک لە شێوازەکان پێویستیان پێیەتی، پێشکەش بکات".
مانگی سووری تورکی کە ئەرکی دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی لە ئەستۆ گرتووە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە شاری هەولێر هەڵوێستیان هەبوو کاتێک بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات لە تورکیا ڕوویدا و، دووپاتی پەیوەندییەکانیشان لەگەڵ هەولێر دەکەنەوە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مانگی سووری تورکی، یەنار تاڵک لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتی: "ھیوادارین ئەم برایەتی و دۆستایەتییە نێوانمان بەردەوام بێت، ھەروەک دەزانن ساڵی ڕابردوو بوومەلەرزیەک لە چەند شارێکی تورکیا ڕوویدا، لەم کاتە سەختەدا حکوومەتی عێراق و بەتایبەتی شاری ھەولێر ھاوکاری کردین و پاڵپشتیان کردین و ئەم ھەڵوێستە لە دڵی ئێمەدایە، ئەمڕۆش لێرەدا لە کردنەوەی ئەم شوێنە و دابینکردنی پێداویستییەکانییان و ئەوەی ئێمە کردوومانە شتێکی کەمە بەڵام وەکو پاڵپشتییەک بۆ دووپاتکردنەوەی دۆستایەتی ئێمەیە".
یەنار تاڵک گوتیشی: "زۆر سوپاسی ئەو دامەزراوانە دەکەین کە پاڵپشتبوون لە کردنەوەی ئەم شوێنە، لێرەوە دەمەوێت سەرەڕای ھاوکارییەکانمان، ھەروەھا بۆ دووپاتکردنەوەی فەرموودەکانی پێغەمبەرمان دەربارەی منداڵی بێسەرپەرشت، جەخت لە هاوکارییەکانمان بکەینەوە، دەمەوێت ئەوەش بڵێم کاتێک ئێمە سەردانی ھەولێر دەکەین وا دەزانین لە وڵاتی خۆمانین ئەوەندە ھەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەکەین، ھیوادارین ئێوەش کاتێک سەردانی تورکیا دەکەن، وا بزانن لە وڵاتی خۆتانن".