Zana Natık Kerem
01 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرکەكانی عێراق، خالید سەڵاح رایگەیاند كە لە میانی چەند مانگی داهاتوودا، بەشێوەیەكی بەرچاو داهاتی گومرکیی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكاندا زیاد دەبێت.
خالید سەڵاح لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لە میانی چەند مانگی داهاتوو داهاتی گومرکیی لەسەرجەم دەروازە سنوورییەكاندا بەڕێژەی 40 لەسەدا زیاد بێت".
گوتیشی: "پلانی باشمان داوە بۆ چارەسەركردنی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە دەروازە سنوورییەكان، ئەمە وێرای شلكردنی رێوشوێنەكان و دابینكردنی پێدوایستی سەلامەتی تەندروستیی بۆ بازرگانان لە دەروازە سنوورییەكاندا".
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گومرکیی ئوم قەسر باشووری بەسرە، مازن محەمەد عەلی رایگەیاند كە داهاتی گومرکیی ئوم قەسر بۆ مانگی ئابی رابردوو، 27 ملیار دینار بووە.
مازن محەمەد عەلی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرای كردووە كە داهاتی گومرکی ئوم قەسر لە مانگی رابردوودا، بەڕێژەی 30ی لەسەدا زیادی كردووە و گەیشتووەتە 27 ملیار دینار.