Zana Natık Kerem
07 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق رایگەیاند کە لە کاتژمێر ١٢ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناحیەی بەغدادی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبارەوە، ١٤مووشەک ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد کران.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق راگەیەنراوێکی سەبارەت بە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکەی ئاسمانیی بنکەی عەین ئەسەد بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "لە کاتژمێر ١٢:٣٠ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری ترێلە لە ناحیەی بەغدادی رۆژئاوای ئەنبار راوەستاوە کە سەرەتا پێشبینی کرابوو ئاردی بارکردبێت، بەڵام دواتر دەرکەوتبوو کە سەکۆی ئاراستەکردنی مووشەکی ھەڵگرتووە کە لەڕێگای ترێلەکەوە، ١٤ مووشەک ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد کراون".
باس لەوەشکراوە کە مووشەکەکان لە دەورووبەری بنکەکە کەوتوونەتەخوارەوە و ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ژمارەیەک مووشەکی دیکە لەناو ترێلەکەدا ماون و دواتر تەقیوەنەتەوە کە بەھۆیەوە زیان بەر ژمارەیەک خانوو و مزگەوتێک کەوتووە.
پێشتر گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، واین مارۆتۆ رایگەیاندبوو کە کاتژمێر ١٢:٣٠ی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٤ مووشەک ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کران و بەھۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکە رانەگەیاندووە.
بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکەوێتە رۆژئاوای شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق و یەکێکە لەو بنکانەی کە دەیان سەربازی سوپای ئەمریکای تیایدا جێگیرکراوە.