Zana Natık Kerem
25 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2022
ھەولێر – AA
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق رایگەیاند، موسڵمانان لە میانی بەشداریکردنیان لەگەڵ مەسیحییەکان لە رێورەسمی کریسمس کە لە کڵێسای سەیدەت ئەل نەجات لە ناوەڕاستی بەغدا بەڕێوەچوو، پەیامی پێکەوەژیانی ئاشتییانەیان لە عێراق دووپات کردەوە.
دوێنێ شەممە لە کڵێسای سەیدەت ئەل نەجات لە ناوچەی کەڕادە ناوەڕاستی بەغدا، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە مەسیحییەکان، ھەروەھا ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی عێراق و کەسایەتیی موسڵمان، رێورەسمی کریسمس بەڕێوەچوو.
لەمبارەیەوە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، موسڵمانان لە میانی بەشداریکردنیان لەگەڵ مەسیحییەکان لە رێورەسمی کریسمس لە کڵێسای سەیدەت ئەل نەجات پەیامێکیان نارد کە تیایدا پێکەوەژیانی ئاشتییانەیان لە عێراق دووپات کردەوە.
ئیڤان فایەق گوتیشی: "عێراق وڵاتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و رێورەسمی کریسمیس، عێراقییەکان بە خۆشەویستییان بۆ نیشتمان پێکەوە کۆدەکاتەوە".
لە ساڵی ٢٠١٠دا، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە، ھێرشیان کردە سەر کڵێسای سەیدەت ئەل نەجات ناوەڕاستی بەغدا و لە ئاکامدا، ٥٨ مەسیحی کوژران و ١٠٠ی دیکەیش برینداربوون.
لە ساڵی ٢٠٢١، کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە ئامارێکدا ئەوەی خستبووەڕوو کە تا ساڵی ٢٠٠٣، یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار مەسیحی لە عێراق نیشتەجێبوون، بەڵام ئەو ژمارەیە بەھۆی کردە توندوتیژییەکان و شەڕ و پێکدادانەکانەوە بۆ ٣٠٠ ھەزار کەس کەمبووەتەوە و زۆربەیان وەک ئاوارە روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و بەشێکی زۆریان وەک پەنابەر چووەنەتە دەرەوە.