Heman Hussein Yaseen
26 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
ههولێر - AA
بەڕێوەبەری پەیمانگای عێراقی بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور، عەبدوڵڵا خورشید رایگەیاند كه لە ساڵی ٢٠٠٣دا گەورەترین پەلامار و دزینی پارچە شوێنەوار لە مۆزەخانەکانی عێراق روویدا کە ١٥ هەزار پارچە شوێنەوار لە میانی ٣٦ کاتژمێردا دزران، ئاماژه بهوهش دهكات كه له دوای ساڵی ٢٠١٤وە نزیکەی هەزار و ٦٠٠ ناوچە شوێنەوار کەوتە ژێر دەستی داعش له باكووری رۆژئاوای عێراق و داعش ساڵانە نزیكهی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوت لە فرۆشتنی پارچە شوێنەوار، ئاشكرایشی دهكات كه حهفت ههزار پارچه شوێنهواری عێراق له بەریتانیا ههیه کە له ساڵی ١٩٧٦وە به مهبهستی توێژینهوه نێردراونهته بەریتانیا و حكوومهتی بەریتانیا بهنیازه له سهرهتای ساڵی داهاتووهوه، پێنج ههزار پارچه لەو حەفت هەزار پارچە شوێنهوار بگهڕێنێتهوه عێراق.
عەبدوڵڵا خورشید له لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''عێراق شوێنەواری زۆری تێدایە و شارستانییەت لە عێراق سەریهەڵداوە کە لە سەرەتا لە ئەشکەوتی شانەدەر بووە لە قەزای مێرگەسور سەربە پارێزگای هەولێر کە تەمەنی بۆ ٦٥ بۆ ٧٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، دواتر شارستانییەت لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەری هەڵدا و لەوێ شارستانییەتێک بەناوی سۆمەری دروست دەبێت و دواتر شارستانییەتی ئەکەدی و ئەوانی دیکە دروست بوون تا دەگاتە سەردەمی ئیسلام.
لە سەرەتای سەدەی بیست، وڵاتان و مۆزەخانەکانی جیهان روویان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد بەتایبەت عێراق کە دەیانزانی شوێنێکە دەتوانن پارچەی شوێنەواری لێ کۆبکهنەوە و دەیانبردەوە بۆ مۆزەخانەکانی وڵاتانی خۆیان و دواتر لە ساڵی ١٩٣٦ یاسای شوێنەواری عێراق دامەزرا کە سنوورێکی بۆ ئەم بابەتە دانا و دواتر شەڕ و ئاڵۆزییەکان وایانکرد کە کنەکردن و رووپێو بۆ شوێنەوار کەمبێتەوە، عێراق ئەو کارانەی کە تیایدا کراوە سەدا ١٠ بووە و سەدا ٩٠ی شوێنەوارەکان تا ئێستاش لەژێر زەویدان، ئەوەی کە هەیە دەتوانین بڵێن بە هەزاران پارچەی شوێنەوار بوون کە لە مۆزەخانەکانی عێراق پارێزراو بوون، شەڕی عێراق و ئێران، دواتریش شەڕی کوێت دۆخی ئەمنیی ناوچەکەی تێکدا و بووە دەرفەتێک بۆ ئەوەی خەڵک زۆر بەئاسانی ئەو پارچە شوێنەوارانە بدەن بەو باندانەی کە کاری قاچاخی دەکەن و بیانبەن بۆ دەرەوەی وڵات".
بەڕێوەبەری پەیمانگای عێراقی بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور، عهبدوڵڵا خورشید ئاماژهی بهوهیشكرد كه دوای رووخانی رژێمی عێراق له ساڵی ٢٠٠٣دا، گهورهترین پهلامار بۆسهر شوێنهوار روویدا و گوتی: ''لە ساڵی ٢٠٠٣ گەورەترین پەلامار و دزینی پارچە شوێنەوار لە مۆزەخانەکانی عێراق روویدا کە ١٥ هەزار پارچەی شوێنەوار لە میانی ٣٦ کاتژمێردا دزران، دواتر حکوومەتی عێراق لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٤ هەوڵێکی زۆریدا بۆ گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارەکان و بڕیارێکی دەرکرد کە هەرکەس پارچەی شوێنەواری لایە بیگەڕێنێتەوە و بەمهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار پارچە شوێنەوار گەڕێندرانەوە لەلایەن خەڵکەوە، ئەوەی دیکە بەرەو مۆزەخانەکانی وڵاتان رۆیشت، عێراق لە ماوەی ١٧ ساڵدا توانی تەنها نیوەی ئەو پارچە شوێنەوارە دزراوانە بگەڕێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نەک هەر مۆزەخانەی عێراق، بەڵکو شوێنی شوێنەوارەکانیش هەندێکیان لەناوچوون و تاڵانکران و ئەو ژمارەی باسمان كرد تۆمارکراوە، بەڵام بەشێکی دیکەش تۆمار نەکراوە''.
عهبدوڵڵا خورشید گوتیشی: ''دوای ساڵی ٢٠١٤، نزیکەی هەزار و ٦٠٠ ناوچە شوێنەوار کەوتە دەستی داعش له باکووری رۆژئاوای عێراق واتا مووسڵ و داعش ساڵانە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوت لە فرۆشتنی پارچە شوێنەوار، هەرچەندە ساڵی ٢٠١٥ نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی دەکرد کە نابێت کڕین و فرۆشتن بە پارچە شوێنەواری عێراقییەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت بگەڕێندرێتەوە عێراق، بەڵام ئایا تا چەند ئەم وڵاتانە پابەندن بەو بڕیارە و چەند هاوکار دەبن. بۆ نموونە هەندێک لەو پارچە شوێنەوارانە کە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق لە ژاپۆن، ئەمریکای باشوور، لە ئەورووپا و وڵاتانی دیکەش بوون، ئەمە کارێکی قورسە و دەبێت وڵاتان خۆیان ئاسانکاری بکەن".
ههفتهی رابردوو، سهرۆكوهزیرانی عێراق مستهفا كازمی سهردانی بەریتانیای كرد و یهكێك له تهوهرهكان باسكردن بوو لهو پارچه شوێنهوارانەی عێراق لهو وڵاتە و بڕیاره له سهرهتای ساڵی داهاتووهوه پێنج ههزار پارچه شوێنهوار بگهڕێنێتهوه بۆ عێراق، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری پەیمانگای عێراقی بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور ئاماژه بهوه دهكات كه ئهو پارچه شوێنهوارانه ٤٤ ساڵ پێش ئێستا رهوانهی بەریتانیا كراون به مهبهستی توێژینهوه و جهختیش لهوه دهكاتهوه كه ژمارەکە حهفت ههزار پارچهیه و گوتی: ''هیچ وڵاتێک نییە کە پارچە شوێنەواری عێراقی لێ نمایش نەکرابێت، بەڵام ئەوەی بەریتانیا کە دەیەوێت حوسنی نیەتی خۆی نیشان بدات، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ٤٤ ساڵ بەرلەئێستا کە له ساڵی ١٩٧٦ کاتێک تاتە قوڕی بزماری کە حەفت هەزار تات بووە و ئەو کات عێراق کەسی وای نەبووە کە زمانی میخی واتا بزماری بخوێنێتەوە، بۆیە ئەو تاتە قوڕانەیان ناردووە بۆ دیراسەکردن، دوای ٤٤ ساڵ، ئێستا حکوومەتی بەریتانیا بە عێراقی راگەیاندووە کە دەیگەڕێنێتەوە، بەڵام لەو حەفت هەزارە، پێنج هەزار دەگەڕێنێتەوە کە مەزەندە دەکرێت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ بیگەڕێنێتەوە، باس لەوەش دەکرێت کە ئەو پێنج هەزارەش هەموو ئەو تاتە قوڕانە نەبێت، بەڵکو ٤٠٠ تا ٥٠٠ تاتە قوڕ ئەوانەبن کە لە فڕۆکەخانە و مەزادە ئاشکراکاندا دەستیان بەسەردا گیرابێت و هەمووی کرابێتە پێنج هەزار و بۆ عێڕاق بگەڕێندرێتەوە".
بەڕێوەبەری پەیمانگای عێراقی بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور پێیوایە کە عێراق له دۆخێكی ئهمنیی ناسهقامگیردایه و پاراستنی شوێنهوار سهخته و گوتی: "دۆخی ئەمنی لە عێراق سەختە و پاراستنی ئەو شوێنەوار سەختە، بۆ نموونە ئەو پەیمانگایەی ئێمە دەبوو لە بەغدا بێت، بەڵام بەهۆی رەوشی ئەمنییەوە نەتوانرا لەوێ بێت".
دکتۆر عەبدوڵڵا خورشید ئەوەیشی خستەڕوو کە لە کوردستان سێ هەزار و ١٥٠ شوێنەوار دەستنیشانکراون و بەم دواییە چەند تیمێکی بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و توانیوویانە هەشت هەزار ناوچەی شوێنەواری دەستنیشان بکەن و گوتی: "کوردستان لانکەی شارستانییەتە و گرنگترینیان ئەشکەوتی شانەدەر و ئەشکەوتەکانی دیکەی وەک هەزارمێرد و لە کوردستان سێ هەزار و ١٥٠ ناوچە شوێنەوار تۆمارکراون لە ساڵانی ١٩٧٠، بەڵام بەم دواییە دەتوانم بڵیم زیاتر لە ٥٠ تیم کە لە کوردستان کاریان دەکرد و ئەو کارانەی کە کردوویانە رووپێوی شوێنەوارین و مەزەندە دەکرێت ئێستا هەشت هەزار ناوچە شوێنەوار هەبێت و پێویستیی بە لێکۆڵینەوە هەیە".