Zana Natık Kerem
07 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق رایگەیاند کە لە تەقینەوەکەی ناوەڕاستی شاری بەسرە باشووری ئەو وڵاتە، چوار کەس کوژراون و چواری دیکەیش برینداربوون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە تەقینەوەکەی ناوەڕاستی شاری بەسرە لە رێگای ماتۆڕسکلێکی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە و ھاتووە "بەپێی ئامارە بەراییەکان لە ئاکامی تەقینەوەکەدا، چوار ھاووڵاتیی کوژراون و چواری دیکەیش بریندرابوون، ھەروەھا دوو ئۆتۆمبێلیش سووتاون".
باس لەوەشکراوە کە لەئێستادا، لایەنە پەیوندیدارەکان دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لەبارەی تەقینەوەکە و دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک نەخۆشخانەی کۆماریی ناوەڕاستی شاری بەسرە تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا، حەوت کەس کوژراون.