Zana Natık Kerem
15 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق رایگەیاند کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، دەستیکردووە بە سەرپەرشتیکردنی فەرمانگە کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکانی قەزای شنگال.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، دەستیکردووە بە سەرپەرشتیکردنی فەرمانگە کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکانی قەزای شنگال و گوتی:
"فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، سەرپەرشتی دابەشکردنی کەرتەکان و پلانی ئەمنی کردووە و گوێیشی لە داواکارییەکانی دانیشتوانی شنگال گرتووە، ھەروەھا سەرپەرشتی دابەشکردنی دەرمان و ماددەکانی خۆراک بەسەر ئاوارەکاندا دەکات".
لیوا تەحسین خەفاجی ئەوەیشی گوتووە "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی جێبەجێ دەکات بەوەی کە دەبێت شاری شنگال بەتال بێت لە بوونی دیاردەی چەکداریی".
جەختیشیکردەوە لەسەر ئەوەی کە لەئێستادا، تەنھا ئاڵای عێراق لە شاری شنگال بەرزکراوەتەوە.
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانی دووبارەکرانەوە لە قەزای شنگال کە دووبارە دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکان، بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی ژینگە و کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لەخۆدەگرێت.
چەند رۆژێک لەمەوبەر سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی (سەبارەت بەرێککەوتننامەی شنگال) رایگەیاندبوو "چاوەڕوانین رێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت. بە داخەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە".
لە ماوەکانی رابردوودا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی رابردوو، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.
دانیشتوانی شنگال کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارەبووبوون، داوایان دەکرد کە ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆل بکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەموار لە کەمپەکاندا دەژین.