Sarmand Hameed
22 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
سوپای عێراق دەستگیرکردنی ٣٣ داواکراو و خاپوورکردنی دوو حەشارگەی تیرۆریستانی لە پارێزگای کەرکووک باکووری عێراق راگەیاند.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک پێنج داواکراو بە ماددەی چواری تیرۆر و ٢٨ داواکراوی دیکە بە ماددە جۆراو جۆر، دەستگیرکردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە هێزەکانی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک دوو حەشارگەی تیرۆریستانیان خاپوور کردووە و دەستیان بەسەر ژمارەیەک پارچە چەک و بڕێک تەقەمەنیدا گرتووە.
لە راگەیەندراوەکە وردەکاریی لەبارەی کات و شوێنی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و دەستگیرکردنی داواکراوەکان و شوێنی حەشارگەکان نەخراوەتەڕوو.
وێڕای ئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧دا، ھێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕی سەخت دژبە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ھەژماردەکرا و داعش لە ھاوینی ٢٠١٤دا داگیری کردبوو، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تاکو ئێستا بەردەوامن لە ھێرشەکانیان بهتایبهت لە گوندەواری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و ئەنبار.