Zana Natık Kerem
12 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ـــ AA
شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی کە ماوەی چەند رۆژێکە بەمەبەستی گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، لە بەغدایە و چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و دوای نیوەڕی ئەمڕۆ شەممەیش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی و لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق، کۆدەبێتەوە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سەمیر ھەورامی رایگەیاندووە کە بڕیارە دوای نیوەڕۆ ئەمڕۆ شەممە، شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبونەوەی لووتکە لەبەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنیەتی رێککەوتن لەنێوان ھەرێمو بەغدا، ئەنجام دەدات.
سەمیر ھەورامی گوتیشی: "شاندی ھەرێم ھەوڵی زامنکردنی ٣٢٠ ملیار دینارەکەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە یاسای کورتھێنانی قەرزدا دەدات".
لەکۆبوونەوەکانی پێشوودا، لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە "ئامادەین رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت و دارایی بکەین و ئەوەی لەسەر حکوومەتی ھەرێمە، بەپێی یاسا و دەستوور جێبەجێی دەکەین، لەبەرامبەردا دەبێت ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم دیاری بکرێت و بدرێت".