Heman Hussein Yaseen
22 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2023
ههولێر- AA
شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان له بهغدا سهبارهت به مووچه و بوودجهی ههرێمی كوردستان درێژه به كۆبوونهوهكانی دەدات.
سبهی یهكشهممه، شاندهكهی حكوومهتی ههرێمی كوردستان له بهغدا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق گفتوگۆ لەبارەی مووچە و بوودجەی ھەرێمی کوردستان دەکات.
جێی ئاماژهیه ھەفتەی رابردوو شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئومێد سهباح، بۆ ھەمان مەبەست سەردانی بەغدای کرد ژمارهیهك کۆبوونەوە و دیداریان ئەنجامدا.
ئهمه له كاتێكدایه كه چوارشەممەی رابردوو، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستانکار بۆ بەغدا، ئومێد سەباح لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیبووی: ''رۆژی سێشەممە ١٨ـی تەمموزی ٢٠٢٣، وەکو شاندی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق درێژەمان بە کۆبونەوەکاندا کە چەند تەوەرێکی گرنگی لە خۆگرتبوو، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکاندا باس لە بابەتی دارایی، بەشە بوودجەی ھەرێم، میزانیەى موراجەعەی مانگەکانی رابردوو و بابەتی داھاتی نانەوتی باس کرا، ھەروەھا پرسی تەمویلی پێشمەرگە و پتڕۆ دۆلار یەکێکی دیکە بوو لە باس و خواسی نێو کۆبوونەوەکان".
ناوبراو ئاشکرایشی کردبوو کە شاندەکەی ھەرێم سەردانی کۆمپانیای سۆمۆی کردووە و تیاییدا باس لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت کراوە و تیاییدا نوسیبووی: "سەردانی کۆمپانیای سۆمۆمان کرد و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەگەری ھەناردەکردن و ھەناردەنەکردنی نەوت کرا بەو پێیەی کە لە بڕگەکانی یاسای بوودجەی گشتییدا ھاتووە. ھەروەھا پرسی تێچووی کۆمپانیاکانی نەوتی ھەرێم تاووتوێکرا".
رۆژی ١٢ی حوزهیرانی ٢٠٢٣دا ئهنجوومهنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژەیاسای بودجەی پەسند کرد و رۆژی ٢١ی حوزەیرانیش سهركۆماری عێراق عەبدوللەتیف رەشید یاسای بوودجەی گشتی واژوو کرد.
ههرچهنده یاساكه له رۆژنامهی وهقائیعی عێراق بڵاوكراوهتهوه بهڵام تا ئێستا نهچووهته واری جێبهجێكردنهوه.