Sarmand Hameed
08 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەهدی بە فەرمی پۆستەکەی رادەستی سەرۆکوەزیرانی نوێ، مستەفا کازمی کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی حکوومی لە بەغدا رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆکوەزیران لە نێوان سەرۆکوەزیرانی پێشوو، عادل عەبدولمەهدی و سەرۆکوەزیرانی نوێ، مستەفا کازمی بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، هەر لە رێوڕەسمەکە ئاڵوگۆڕی پۆستی وەزارەتەکان لە نیوان وەزیرانی کابینەی پێشوو و کابینەی نوێ بەڕێوەچووە.
لە میانی رێوڕەسمەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندووە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی سایستە بۆ گەلی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە رژدە لەسەر پاراستنی دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان و هەماهەنگیی کردن بۆ رووبەڕووی ئاڵنگارییە ئەمنیی و ئابووریی و تەندروستییەکان کە رووبەڕووی وڵات بوونەتەوە.
لەلای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەهدی پیرۆزبایی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی نموونەی دیموکراتییە وێڕای هەموو ئاڵۆزییەکان لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی و ستایشتی دیاریکردنی کەسانی لێهاتووی کردووە لە کابینەی نوێی حکوومەت.
عادل عەبدولمەهدی داوای لە وەزیرانی پێشوو کردووە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیرەکانی کابینەی نوێ بکەن لە قۆناغی رادەستکردنی بەرپرسیارییەتیدا.