Zana Natık Kerem
20 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە میانی دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا، شەش تیرۆریستی داعشیان لە پارێزگاکانی دیالە و نەینەوا، دەستگیرکرد.
لەمبارەیەوە ئەفسەرێک لە پۆلیسی دیالە بەپلەی نەقیب کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ھێزەکانی سوپا و پۆلیس لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا، چوار تیرۆریستی داعشیان لە ناحیەی گوڵاڵە (جەلەولا) باکووری پارێزگای دیالە دەستگیرکردووە.
ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوەیشدا کە یەکێک لەو شەش تیرۆریستە دەستگیرکراوە، خۆکوژبووە و بە نیازبووە لە نێو ھاووڵاتییاندا لە پارێزگای دیالە خۆی بتەقێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە دوو تیرۆریستی داعش لە شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا، دەستگیرکران.
فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە ھێزەکانی پۆلیسی نەینەوا لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا، دوو تیرۆریستیان لە شاری مووسڵ دەستگیرکردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە ئەو دوو تیرۆریستە دەستگیرکراوە، چەکداری داعش بوون.