17 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2020
بەغدا - AA
سەرۆکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح ئەمڕۆ سێشەممە، عەدنان زەرفی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ راسپارد.
بەرھەم ئەحمەد ساڵح لەمیانی ڕێوڕەسمی راسپاردنەکە کە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بەڕێوەچوو، ھیوای خواست زورفی سەرکەوتوو بێت لە ئەرکە نوێیەکەی و کار بکات لەسەر سازکردنی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەی پاک و بێگەرد کە داخوازییەکانی گەلی عێراق دەستەبەر بکات و داواکاری رەوای خۆپیشاندەرانی ئاشتییانە بە دیبێنێت لە رێگەی جێبەجێکردنی چاکسازییە پێویستەکان و پارێزگاری لە سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری عێراق بکات.
سەرکۆماری عێراق رایگەیاند، عێراق شایستەی باشترە و گەلەکەی قوربانی زۆریداوە لەپێناو بەدیھێنانی ژیانێکی شکۆمەند و داھاتوویەکەی مژدەبەخش بۆ تەواوی رۆڵەکانی، ئاماژەشی کرد بەوەی کە ئەرک و دەستکەوتەکانی کە گەلی عێراق بە تێکرای پێکھاتەکانی لە چاوەڕوانیدان تا ئێستاش لەبەردەماندایە رایپەڕێنین و بیپارێزین کە ئەمانەت و بەرپرسیارییەتەکەی لە ئەستۆمانە و پێویستە ھەموومان بەدی بھێنین.
پێشتر کەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییە بڵاویکردبوویەوە کە بەرھەم ئەحمەد ساڵح بەفەرمی عەدنان زورفی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ راسپاردووە.
- عەدنان زورفی کێیە؟
ناوی تەواوی عەدنان عەبد خزەییر عەباس زورفی-یە و لە یەکی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٦ لە نەجەف لەدایکبووە، خۆێندنی لە کۆلێژی فقھـ سەربە زانکۆی کوفە تەواوکردووە، ھەروەھا ماستەرنامەی لە کۆلێژی فقھـ ھەیە و قوتابی دکتۆرایە لەو کۆلێژە.
لە ساڵی ١٩٨٣ پەیوەندیی بە حزبی دەعوە کردووە و دواتر دەستگیر کراوە و سزای زیندانیکردنی ھەتاھەتای بەسەردا سەپێنراوە و لە ساڵی ١٩٨٨دا لە گرتووخانەی ئەبو غرێب زیندانی دەکرێت، بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ لە زیندان را دەکات.
عەدنان زورفی لە راپەڕینەکەی بەھاری ١٩٩١ لە نەجەف بەشداریکردووە کە لەمیانیدا سێ جار برینداربووە، دواتر لە ١٩٩١ دەچێتە کەمپی رەفحا لە سعوودیە و تا ١٩٩٤ لەوەێ دەبێت و لە ساڵی ١٩٩٤ دەچێتە ئەمریکا و تا ٢٠٠٣ لەوێ دەمێنێتەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٤ بزووتنەوەی وەفای عێراقی دامەزاند و لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٤ دەبێت بە ئەندام لە دەستەی بنیاتنانەوەی عێراق.
لە ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٥ دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣ و لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ پارێزگاری نەجەف بوو لە ٢٠٠٦ دەبێت بە ئەندام لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٩ دەبێت بە بریکاری یاریدەر بۆ کاروباری ھەواڵگریی لە وەزارەتی ناوخۆ.