Haydar Karaalp
17 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2024
بەغدا - AA
بەھۆی ھێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ھەولێر، حکوومەتی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای لەسەر ئێران تۆمار کرد.
لەو بارەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "بەھۆی ھێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر شاری ھەولێر کە کوژرانی ھاووڵاتییانی مەدەنی، بریندارکردنی کەسانی دیکە و زیان گەیاندن بە موڵکی گشتیی و تایبەتی لێکەوتەوە، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لەسەر ئێران تۆمار کراوە".
ھێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆسەر شاری ھەولێر
شەوی ١٥ لەسەر ١٦ی کانوونی دووەمی ئەم مانگە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی ئاراستەی چەند شوێنێکی ھەولێر و دەوروبەری کران و بەھۆیەوە چەند کەسێک بوونە قوربانی.
لای خۆیەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان-عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی ھێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ھەولێر داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد بێدەنگ نەبن بەرامبەر بەو ھێرشە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمدا ھاتووە: "کاتژمێر١١:٣٠ی شەوی ١٥ لەسەر ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی ھەولێری بوردومان کرد، بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و شەش کەسی دیکەش بریندار بوو کە ڕەوشی تەندروستیی ھەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکە ئەوەشخراوەتەڕوو: "سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، ئەم ھێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. ئەم بیانووە بێ بنەمایە و ڕەتیدەکەینەوە، بەداخەوە ھەمیشە بیانووی بێ بنەما بۆ ھێرشکردنە سەر ھەولێر بەکار دێنن، ھەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر ھیچ کات سەرچاوەی ھەڕەشە نەبووە بۆ سەر ھیچ لایەنێک".
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات بێدەنگ نەبن و تیایدا ھاتووە: "ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی ھەرێم و عێراقە و پێویستە حکوومەتی فیدڕال و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بێدەنگ نەبن".
دوای ھێرشەکەش سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی ھێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و ڕایگەیاند ھێرشەکان لە وەڵامی تاوانەکانی دژ بە ئێرانە و بنکە سیخووڕییەکان بە مووشەکی بالیستی کراونەتە ئامانج.
ھێرشەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی سەرکۆنە کرا.