Zana Natık Kerem
15 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
سوپای عێراق رایگەیاند کە لە نزیك بنكەیەكی سەربازیی لە باكووری رۆژهەڵاتی بەغدا كە هێزەكانی ئەمریكای تیایدا جێگیركراون، دەستی بەسەر ژمارەیەك مووشەكدا گرتووە.
لەوبارەیەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان سەربە سوپای عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووە "هێزەكانمان لە ناوچەی راشیدییە باكووری رۆژهەڵاتی بەغدا، دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گرتووە كە سەكۆی ئاراستەکردنی مووشەكی كاتیۆشای لەسەر چەسپکرابووە".
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو "لە میانی نزیكبوونەوە لێی (ئۆتۆمبێلەكە)، دوو مووشەك بەشێوەی هەڕەمەکی ئاراستەكراون و لە ناوچەیەكی چۆڵدا كەوتنەخوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێكیان لێ بكەوێتەوە، دواتر دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا گیراوە و سەرجەم مووشەكەكانی دیكە پووچەڵكرانەوە".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ئاماژەی بەوەیش داوە كە زانیاری بەدەست گەیشتووە، لەوەی چی لایەنێك ئەو كردە تیرۆریستییەی ئەنجامداوە.
باسی لەوەیش كردووە كە لە ماوەكانی داهاتوودا، وردەكاری زیاتر لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو و ئەنجامدەرانی ئەو كردە تیرۆریستییەیش دەستگیر دەكات.
ئەم پێشهاتەیش دوای رۆژێك لە كەوتنەخوارەوەی دوو مووشەكی كاتیۆشا لە بنكەی سەربازیی "تاجی" باكووری بەغدا دێت كە هێزەكانی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لەنێویاندا سەربازانی ئەمریكا، تیایدا جێگیركراون.