بەغدا ــ AA
دوێنێ دووشەمە ئەو مۆڵەتەی كە لەچوارچێوەی دەستووردا دیاریكرابوو بۆ دەست نیشانكردنی كەسێك بۆ سەرۆكوەزیران كۆتایی هات، چونكە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە سەركۆمار نەیتوانی كەسێك بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی داهاتوو دەست نیشان بكات.
لەو خۆپیشاندانانەی كە لەسەرەتای ئەمانگەوە لە شاری بەغدا و ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەنجام دەدرێن، خۆپیشاندەران داوا دەكەن پارتە دەسەڵاتدارەكان كە لە ساڵی ٢٠٠٣وە حكومڕانی وڵات دەكەن بە هۆی گەندەڵی سیاسی و دارایی لەسەر دەسەڵات نەمێنن و سزا بدرێن.
لە یەكی ئەم مانگەدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی فشاری خۆپیشاندەرانەوە، دەستلەكاركێشانەوەكەی سەرۆكوەزیران، عادل عەبدولمەهدی پەسەند كرد.
بەپێی دەستوور، دوای پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەكەی عادل عەبدولمەهدی ، دەبێت سەركۆمار لە ماوەی ١٥ رۆژدا كەسێكی دیكەی بۆ سەرۆكوەزیران دەست نیشان بكات، بەڵام سەرۆكایەتی كۆمار رایدەگەیەنێت كە لە چواری ئەم مانگەدا نووسراوی دەستلەكاركێشانەوەی بەدەست گەیشتووە لە كاتێكدا كە بەپێی دەستوور سبەی پێنجشەممە دوا مۆڵەتە بۆ ئەوەی كاندیدێك بۆ سەرۆكوەزیران دەست نیشان بكرێت.
ــ ناكۆكییەكان لەبارەی كاندیدكردنی محەمەد شەیاع سوودانی بۆ سەرۆكوەزیران
تا ئێستا هیچ كاندێك بۆ سەرۆكوەزیرانی داهاتوو رانەگەیەندراوە، تەنانەت هیچ كاندیدێك نییە كە مایەی رەزامەندی پارتەكان و خۆپیشاندەران بێت.
هاوپەیمانیەتی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی و هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامر كە بە نزیك لە ئێران دادندرێن هەوڵدەدەن ناوی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد شەیاع سوودانی وەك كاندید بۆ سەرۆكوەزیرانی داهاتوو پێشكەش بكەن، بەڵام ئەوە لە لایەن خۆپیشاندەران و مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق، عەلی سیستانی و هەردوو هاوپەیمانیەتی سائیرون و نەسر-ەوە رەتكراوەتەوە.
رۆژی هەینی رابردوو، محەمەد شەیاع سوودانی سەركردە لە حزبی دەعوە بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، نووری مالكی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە حزبی دەعوە و فراكسیۆنەكەی راگەیاند، دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە كە ئەگەری هەیە ناوبراو لە شوێنی سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق، عادل مەهدی بۆ سەرۆكوەزیرانی نوێ رابسپێردرێت.
محەمەد شەیاع سوودانی كە لەئێستادا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانە لە كابینەی حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بوو و لە دووەم كابینەی حكوومەتەكەی نوری مالیكی (٢٠١٠ ــ ٢٠١٤) وەزیری مافەكانی مرۆڤ بوو جگە لەوەش لە ٢٠٠٩ تا ٢٠١٠ پارێزگاری میسان بوو.
سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی كۆمار لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند" سەركۆمار بەرهەم ئەحمەد ساڵح رەزامەندی نیشاندابوو بۆ ئەوەی محەمەد شەیاع سوودانی راسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی داهاتوو، بەڵام دواتر پاشگەزبوویەوە دوای ئەوەی لە لایەن ژمارەیەك فراكسیۆن و خۆپیشاندەرانەوە ناوبراو وەك كاندید بۆ سەرۆكوەزیران رەتكرایەوە".
سەرچاوەكە گوتیشی:" سەركۆمار نایەوێت ببێتە بەشێك لەم قەیرانە نوێیە، ئەو هەوڵدەدات كەسێك دەست نیشان بكات كە جێگەی رەزامەندی هەمووان بێت، هەروەها تا ئێستا فراكسیۆنەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر كاندیكردنی كەسێك بۆ سەرۆكوەزیران".
ــ گەورەترین فراكسیۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەران
دوێنێ دووشەمە ئەنجوومەنی نوێنەران وەڵامی پرسیارەكانی سەركۆماری دایەوە سەبارەت بە دەستنیشانكردنی گەورەترین فراكسیۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەران كە پێویستە بەپێی دەستوور كاندیدێك بۆ سەرۆكوەزیران پێشكەش بكات.
لەوبارەوە جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، حەسەن كەعبی لە نووسراوێكی فەرمییدا گوتوویەتی: "پێیشتر ئەنجوومەنی نوێنەران سەرۆكایەتی كۆماری لە دووی تشرینی یەكەمی ٢٠١٨دا لە گەورەترین فراكسیۆن ئاگاداركردووەتەوە كە كاندیدی ئەو فراكسیۆنە سەرۆكوەزیرانی دەستلەكار كێشاوە، عادل عەبدولمەهدی بوو راسپێردرا تا حكوومەتی ئێستا پێكبهێنێت".
حەسەن كەعبی بەو نووسراوە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو كات فراكسیۆنەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەنێوان خۆیاندا رێككەوتبوون لەسەر كاندیدكردنی عادل عەبدولمەهدی لەوانە هەردوو فراكسیۆنی سائیرون و فەتح.
لەئێستادا هاوپەیمانیەتی سائیرون پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات وەك وەڵامێك بۆ داواكارییەكانی خۆپیشاندەران دەبێت ئەو كەسەی كە بۆ سەرۆكوەزیرانی داهاتوو كاندید دەكرێت، سەربەخۆ بێت.
ــ كاندیدەكانی خۆپیشاندەران
خۆپیشاندەرانی عێراق، پێنج كەسیان بۆ سەرۆكوەزیرانی داهاتوو كاندیدكردووە و داواش لە سەركۆمار دەكەن كە یەكێكیان دەست نیشان بكات.
خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەكانی دیكەی ناوەڕاست و باشوور، هەریەك لە فەریقی روكن، عەبدولغەنی ئەسەدی، فەریق روكن، عەبدولوەهاب ساعدی، دادوەر رەحیم عەگیلی و پارێزگاری پێشووی بانكی ناوەندی، سینان شەبیبی و وەزیری پێشووتری پەیوەندییەكان، محەمەد عەللاوی-یان بۆ سەرۆكوەزیرانی داهاتوو كاندید كردووە و داواش لە سەرکۆمار دەكەن كە یەكێكیان دەست نیشان بكات.
هاوكات ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق لە ژمارەیەك سەرچاوە بێ ئەوەی ناویان ئاشكرا بكات گواستووەتەوە كە سەركۆمار بەرهەم ئەحمەد ساڵح بە لیستێك كە ناوی كاندیدان محەمەد شەیاع سوودانی، پارێزگاری بەسرە، ئەسعەد عیدانی و سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی، مستەفا كازمی لەنێودایە بەدەست گەیشتووە.
هەروەها سەركۆمار ناوی ژمارەیەك كاندید لە خۆپیشاندەران وەرگرتووە كە دیارترینیان دادوەر رائید جوحی-یە.
ئاماژەی بەوەیشكردووە، عادل عەبدولمەهدی بە سەركۆماری راگەیاندوو كە دوا مۆڵەت بۆ حكوومەتی كاربەرێكەر رۆژی پێنجشەممەی داهاتووە.
هاوكات ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی خۆپیشاندانەكان لە دیالە، جەمیل شەممەری گوتی: "هەر كەسێك لە لایەن فراكسیۆنەكانەوە بۆ سەرۆكوەزیران كاندید بكرێت، رەتی دەكەینەوە، رێگە نادەین شۆڕشەكەمان بە گۆڕینی دەموچاوەكان كۆتایی پێ بهێندرێت".
جەمیل شممەری گوتیشی:"لایەنە سیاسییەكان دەبێت هەر ملكەچی ئیرادەی گەل بن و پێشتر گوتوومانە كە رێگە نادەین سەرۆكوەزیرانی داهاتوو كاندیدی پارتەكانی ئێستا بێت".
ــ بۆشایی دەستووریی
لە ئەگەری ئەوەی ١٥ رۆژەكە تەواو بێت، بێ ئەوەی سەركۆمار، بەرهەم ئەحمەد ساڵح كەسێك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو راسپێرێت، ئەوە بۆشایی دەستوور لە عێراق دێتە ئاوارەوە كە بەپێی دەستوور چارەسەری ناكرێت.
لەوبارەوە ئەندامی سەندیكای پارێزەرانی عێراق، تارق حەرب رایگەیاند كە عادل عەبدولمەهدی بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكەی لە حكوومەتی كاربەڕێكەر تا ئەو كاتەی سەركۆمار كەسێك بۆ سەرۆكوەزیران دەست نیشان دەكات.
تارق حەرب لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو روونیكردەوە كە عادل عەبدولمەهدی بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردنی حكوومەتی كاربەرێكە تا ساڵێك ئەگەر رێككەوتنیش نەكرا.
ناوبراو گوتیشی: "بەپێی دەستوور، سەركۆمار پۆستی سەرۆكوەزیران بەڕێوەدەبات لەو كاتەی ئەگەر سەرۆكوەزیران كۆچی داوایی بكات یان بكوژرێت یان برفێندرێت".
ئەو خۆپیشاندانەی كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە دژبە حكوومەت لە شاری بەغدا پایتەخت و شارەكانی ناوەڕاست و باشوور ئەنجام دەدرێن درێژەیان هەیە، پشتبەستن بە ئامارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا ٤٩٢ كەس كوژراون و ١٧ هەزار كەسیش لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربوون.
news_share_descriptionsubscription_contact

