Zana Natık Kerem
14 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2026
بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی و سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن شەش یادشتنامە لە بوارە جیاجیاکاندا و کەرتە ئابوورییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات واژوو کران.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕێوڕەسمێکدا لە پاریس بە سەرپەرشتی عەلی زەیدی و ئیمانوێل ماکرۆن شەش یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاجیاکاندا و کەرتە ئابوورییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و فەڕەنسا واژوو کراون.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە یاداشتنامەیەک لەبارەی ھاریکاریی ستراتیژی لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا لەنێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و کۆمپانیای ھارماتان-ی فەڕەنسی بۆ ژیری دەستکرد واژوو کراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەبارەی دابینکردنی کەلوپەلی سەربازیی فەڕەنسا لە چوارچێوەی دووبارە بنیاتنانەوە و پەرەپێدان بە توانای بەرگریی لە عێراق لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی سوپای فەڕەنسا واژوو کراوە.
ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە زیادکردنی دەرفەتەکان بۆ گەنجان و توێژینەوە و داھێنان لە نێوان وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا واژوو کراوە.
ھەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، یاداشتنامەیەکی دیکەی لێکتێگەیشتن لەبارەی بەھێزکردنی ھاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی گەشەپێدانی فەڕەنسا (AFD) لەنێوان وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا واژوو کراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ دابینکردن و فرۆشتنی غاز لە نێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنیرجی فەڕەنسی، واژوو کراوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاندووە کە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە بواری ھاریکاری لە کەرتی فڕۆکەوانی شارستانییدا لەنێوان وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و وەزارەتی گواستنەوەی فەڕەنسا واژوو کراوە.