05 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2020
بەغدا - AA
لە ئاکامی هێرشێکی داعش بۆسەر خاڵیکی ئەمنی حەشدی هۆزەکان لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک، چوار چەکداری حەشدی هۆزەکان کوژران.
لەوبارەوە ئەفسەرێک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، چەکدارانی داعش هێرشیانکردووەتەوە سەر خاڵێکی ئەمنی حەشدی هۆزەکان لە دەورووبەری ناحیەی رەشاد سەربە قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای کەرکووک کە لەمیانیدا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەردوولادا روویداوە.
ئاماژەی بەوەیشدا کە لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکەدا، چوار چەکداری حەشدی هۆزەکان کوژراون و سێی دیکەیش برینداربوون.
پێشتر سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک رایگەیاندبوو کە ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیانکردووەتە سەر خاڵێکی هێزەکانی سوپا لە قەزای دووبز باکووری رۆژئاوای کەرکووک و لە ئاکامدا، دوو سەرباز کوژراون.
لەمیانی دوو رۆژی رابردوودا، چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر هێزەکانی سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەددین، کەرکووک و ئەنبار کە بەهۆیەوە ژمارەیەک سەرباز، پۆلیس و چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.