Zana Natık Kerem
04 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
سکرتێری گشتیی یەکێتیی زانایانی موسڵمانانی جیھان، عەلی قەرەداغی ئەو پەلامارەی داعشی ئیدانە کرد کە لە قەزای مەخموور باکووری عێراق ئەنجامی دا و رایگەیاند "داعش، رێکخراوێکی گەمژە و کوشتنە، نەک رێکخراوێکی ئايین و عەقڵ".
عەلی قەرەداغی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، پەیامێکی لەبارەی پەلامارەکەی داعش لە قەزای مەخموور باکووری عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: " ئەو پەلامارە تیرۆریستیەی کە داعش لە ناوچەکە ئەنجامی داوە، بە ھەموو پێوەر و بنەمایەکی ئایینی، نیشتمانیی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتی ئیدانە کراوە".
عەلی قەرەداغی راشیگەیاندووە "زیان گەیاندن بە ئاسایشی کۆمەڵگەکان، خزمەت بە ئیسلام ناکات و خودای گەورە رەحم بە ھاووڵاتییانی سڤیل و پێشمەرگە بکات".
ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیھانیی زانایانی موسڵمان، عەلی قەرەداغی ئەوەیشی گوتووە: "ئێمە شانازی بە ئیسلامەوە دەکەین، رێکخراوێکی توندڕویی وەکو داعش کەرامەتی نییە کە بووەتە ھۆکاری سووکایەتییکردن بە موسڵمانان و ھاوکارییکردنی دووژمنانی ئیسلام".
عەلی قەرەداغی ھەروەھا رایگەیاندووە "داعش، رێکخراوێکی گەمژە و کوشتنە، نەک رێکخراوێکی ئايین و عەقڵ".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوو شەو لەمەوبەر، تیرۆریستانی داعش پەلاماری ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووغ -یان دا و بەھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی شەھید و برینداربوون و لەکاتی ئۆپەراسیۆنی راوەدوونانی تیرۆریستانیشدا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەھید و برینداربوون.