Zana Natık Kerem
04 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2020
بەغدا ــ AA
گوتەبێژی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵاڵ رایگەیاند كە سەرۆكوەزیران مستەفا كازمی داوای كردووە دانیشتنێكی نائاسایی سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ خوێندنی ساڵی داهاتوو ساز بكرێت.
ئەحمەد موللا تەڵاڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا، مستەفا كازمی داوایكردووە دانیشتنێكی نائاسایی سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ خوێندنی ساڵی داهاتوو ساز بكرێت و تیشكی خستهسهر ئهوهی ئەو هێرش و سووكایەتییەی بەرامبەر بە هاووڵاتیی حامد سەعید ئەنجامدراوە دوورە لە هەڵسوكەوتی دامەزراوە ئەمنییەكان و هەڵسوكەوتێكی تاكلایەنە بووە.
تەڵاڵ سەبارەت بە رووداوی دواخستنی گەشتێكی ئاسمانی لە عێراقەوە بۆ لوبنان گوتی: "مستەفا كازمی زۆر گرنگی بەو رووداوە داوە و تەنانەت فەرمانی كردووە بە كۆتایی هێنانی ئەركی بەڕێوەبەری گشتیی هێڵیی ئاسمانی عێراق، عەلی موحسین هاشم".
گوتیشی: "فەرمانبەرێک كە كەسێكی نزیكی وەزیری گواستنەوەیە، گەشتە ئاسمانییەكەی بۆ بەیروت دواخستووە كە ئەویش دەچێتە چوارچێوەی بەزاندنی یاساوە و هەروەها جۆرێكە لە گەندەڵی كارگێڕیی".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتەبێژی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، مستەفا كازمی داوای لە سەرجەم وەزیرەكان كردووە سامانەكانیان ئاشكرا بكەن و بە زووترین كات دەستەی دەستپاكی لێ ئاگادار بكەنەوە.
لە كۆتایی قسەكانییدا ئەحمەد موللا تەڵاڵ گوتی: "ئەنجوومەنی وەزیران لە میانی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا كە ئەمڕۆ سێشەممە سازكرا، پڕۆژەیاسای توندوتیژی خێزانی پەسەند كردووە و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كردووە".